لە پشت درگا؛ پیاوێک تێک شکا

لە پشت درگا؛ پیاوێک تێک شکا
سامان سه ید ئیبراهیمی

دەرۆ بەر درگا جێگای تەواوی لێقەوماوەکانی شەڕە. ئەزموونی ژیانی سەربازێک دوای گەڕانەوە لە شەڕ. بێکمان( بەکمەن) دوای شەش ساڵ شەڕ و دووری، دیلی و دەربەدەری ئەگەڕێتەوە بۆ ماڵ؛ بێ­خەبەر لەوەی ژنەکەی خەیانەتی پێ­کردوە، فەرماندەکەی شۆخی پێ­ئەکا، تەڵخەکێک قەبووڵی ناکا، ژنێک گاڵتەی پێ ئەکا و دایک و باوکی عازیەت­باری ئەکا. بەو هۆیەوە ئەیەوێ خۆی تیا بەرێت، بەڵام چۆمیش وەری ناگرێ. بێکمان مەحکوومە بە ژیانێ ژەهراوی هەتایی. سەرەتا پێشەکی نووسەر وەکوو پەولووگێک لە سەر تەختەی شانۆ ئەگێڕنەوە، دوایی مەرگ و ژیان  لە ناو پێستی گۆڕهەڵکەن و قەشە ڕووبەڕوو ئەبن. مەرگ ئەوەندەی خواردووە، توانای ڕێ­ڕۆیشتنی نییە، لەولاوە ژیان بێ مانا و مل­شۆڕ توانای وێستانیشی نییە؛ کارگەردان بەوە ڕازی نەبووە و ژیانی چوک شکاوی لە سەر ویلچێر داسەپاندووە تا مەرگ پاڵی­تێوە نێت.

لە داستاندا بێکمان ئەڕواتەوە بەرەو ماڵێک کە جێگای خەوەکەیان داگیر کردووە، پیاوێک لای ژنەکەی پێی پێدەکەنی و ژنەکەی نایناسێ. ئەمانەی بۆ تەحەمول ناکرێ و ئەیەوێ تەواوی کا. خۆی ئەخاتە نێو ئاو، شڵپ، تەواو. بەڵام تەواو نەبوو، برسی بوو، بۆیە تووشی خەیاڵ بوو. چۆم پیوت تۆ حەدت نییە کە بمری، ئامۆژگاری ئەکات و فڕێی ئەداتە دەرێ. کچێک ئەیدۆزێتەوە. نیشانەیێک لە هومێدی ژیان و دوبارە هەڵسان دەرئەکەوێ بەڵام هێشتا گڕی نەگرتووە، ئەکوژێتەوە. مێردی کچە هەروەک بێکمان بە لاقێ بریندارەوە ئەگەڕێتەوە؛ بەداخەوە مێردی کچە سەربازی بێکمان بووە لە شەڕدا. دیسان بیرەوەرییەکانی شەڕ هەڵ­ئەقوڵێت. تاقەت ناهێنێ و دەرئەکەوێت. هەرکام لە کەسایەتی­یەکان نیشانەیێکی بۆ هەڵ­تاواندنی ئێغراق و زەق­کردنەوەی ئاکارەکان. دونیا و شێوازی بەرهەم هێنانی لەپشت درگا دونیایێکی ”ئێکسپێرسیۆنیستی”یە. ئەم بابەتە بەجوانی لە ناو خەون و خەیاڵەکانی بێکمان دەر ئەکەوێ. لەسەردەمی شەڕ و دواشەڕ مەرگ سەرەکیترین خولی ژیانە، هەڵبەت نە بۆ دەسەڵات و دەسەڵاتداران. ئەوان بەرپرس نین و پەرپرسی هەڵەکانیان وەئەستۆ ناگرن. هەروایە کە (سەرهەنگ) فەرماندە بە خەونە ئاڵۆزەکەی بێکمان تێر پێدەکەنێ و بەڕێی ئەکا بۆ دەورگێڕی. لە شانۆنامەی ئۆرجیناڵدا بێکمان بوتلێک و لەتێ نان لەسەور سفرە هەڵدەگرێ و دەڕواتە دەرێ. لێرەدایە کە ئەڵێ: بەختەوەری قومێک خواردنەوەیە؛ هەر ئەم سەرخۆشییە هانی ئەدا بڕوا بەرەونواندن لەسەر شانۆ یان ئیجرا لە سیرک، یان نمایش لە کابارە. بەڵام ئەم موقەدەمەچینییە لە شانۆکەدا نەماوە و بێکمان دوابەدوای سەرشۆڕی لە ماڵی سەرهەنگ ئەڕوای بە دوای ئیشێک تاکوو لەوە زیاتر برسی و توونی ،شەلەشەل بە ناو شارە وێرانەکەدا نەخولێتەوە.لای بەرپرسی کابارە زیاتر تێک ئەچێ. بە بڕوای من لە خولقاندنی دیمەنی کابارە تۆزێک زێدەڕەوی لە بنەما ئێکسپێرسیۆنێستی کارەکە دیارە؛ ئەوەندە کە بەرپرس لە هیچکام لە کەسایەتییەکانی تر ناچێ و نواندنی دیمەنەکەش وەکوو باقی بەشە یەکگرتووەکانی شانۆ نییە. ئەمە دەرفەتێکە بۆ لێکۆڵینەوە، نەک بە خەتا زانین. سەرەتا بێکمان روون ئەبێتەوە کە تەنیا بناغەی هومێدەکانی( باوک و دایکی) لە داخی ژیانی قورسیان خۆیان کوشتووە. هەرچەن لەگەڵ میزان­سێنی تەنافەکەی خاتوو کرامێد بە هۆی نەبوونی مەنتق  نیم، بەڵام ئەمە دوایین گیانی لێ­دەستێنێ و ئەیبا بەرەو تیاچون.

” لە پشت درگا” ئەتوانێ تراژێدی-کۆمێدی بێت کاتێ جێگا و رێگای ئەم بابەتە لە دەق و ئیجرا دابین کرابێ، لە هەمان کاتدا ئەتوانێ گروتێسک بێت بە شێوازێکی جیاوازەوە. گروتێسک لێرەدا مەلغەمێکە لە پێکەنین و حاڵ­تێک­چوون، زەردەخەنە و قیزهەڵ­وەشان، تەنز و ئینزجار، کۆمێدی و وەحشەت؛ سەرەتا چی بابەتی دووبەشە کە بۆنی پێکەنینی لێوە دێت، هەڵبەت پێکەنینی ترش و تاڵ، کاتێ چاویلکەی گازماسکی تەنیا کەرەسەی بینینە، کاتێ رواڵەتی بێکمان لە داهۆڵ ئەچێ کاتێ باوک و دایکی بە گازی گرانبایی خۆیان دەکوژن، کاتێ لەناو جلە گەورەکاندا قوڵم و قۆشمە دێتە بەرچاو؛ گرووتێسک دێتە ڕوو و هەتا کۆتایی لە ملی بینەر نابێتەوە.

لەبیرمان نەچی لێرەدا ئەویتر رۆڵێکی سەرەکی بەڕێوە دەبات. هەڵبەت بە ڕای من ئەویتر قەرارە نەفەرێک بێت کە هەموو کەسە، نەکا ئەوەی هەموو کەس، نەفەرێک بێت. ئەویتر ئەتوانێ خۆی بێ کاتێ کە ئازا و نەبەزە، ئەتوانێ خەیاڵێک بێ، ئوستوورە یا قارەمانێ ئەتوانێ رفێق بێ یا دوژمن. بەگومانم لەم بەشە ناوەڕۆکی رووداوەکان فیدای کەڵک وەرگرتن لە دەستەی ئەکتەر بۆ بێکار نەمانی درگاکان بووە. بۆ کۆتایی؛ بنیادەم ئەیەوێ بخەوێ، خەوێکی قووڵ لە بنی چۆمێکدا، چونکا کەس دەنگی نابیسێت. کەم دواتر لەم بابەتە ناپرسێت. بابەتی نیوەگیانەکان، لێک­هەڵوەشاوەکان، مردووە بریندارەکان، مردووەکانی بۆمب، مردووەکانی سەهۆڵ­بەندان، خنکاوەکان، لەدەست چووەکان، لە قاچ کەوتووەکان، بێ سەرو شوێنەکان. رووناکی درۆیە، خۆرەکان درۆیە، ئەستێرەکان درۆیە، دەلاقەکان درۆیە، لەمتەرەکان و درگا کراوەکان درۆیە…

مطالب مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا