به بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی
“هه‌نگاوێ به‌ره‌و هه‌رمان”

زاهید ئارمی
پڕۆسه‌ی خوێندنی (وانەی کوردی) ئێستا چوار ساڵانه و له‌م ڕۆژانه‌دا پا ده‌نێته نێو پێنج ساڵ، گه‌رچی هه‌وراز و نشێوی زۆری بڕیوه و بۆ باس کردن نابێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕوونه وه‌ک ده‌یانگوت و عاله‌میان پێ تۆقاندبوو شوکور بۆ خوا هێشتا دنیای ژێر و ژوور نه‌کردووه و په‌لاماری که‌سیشی نه‌داوه! پێچه‌وانه‌ی پێشبینی پێش وه‌ختی ئه‌و تاقمه و به ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی خێرا و ڕامان له هه‌ندێ خاڵی به‌رچاوی، بۆمان ڕوون ئه‌بێته‌وه ئه‌م پرۆسه سه‌ره‌ڕای هه‌موو که‌م و کورتییه جۆراوجۆره‌کانی هه‌تا ئێستاش نه‌زۆک نه‌بووه و نه‌وه‌ستاوه؛ به‌ڵکوو له ده‌ستپێکه‌وه هه‌تا ئه‌مڕۆش له باری چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تییه‌وه په‌ره‌ی گرتووه و به‌ره‌و پێش چووه؛ هه‌ر ئه‌مه‌ش خۆی به‌ڵگه‌یه‌کی به هێزه له‌سه‌ر ڕه‌سه‌ن بوون و خه‌ڵکینه بوونی پڕۆسه‌که و پێویسته به‌ربڵاوتر و گه‌رم و گوڕتر درێژه‌ی پێ بدرێ. هه‌ر وه‌ک پێشتریش ئاماژه‌م پێ‌کرد ده‌رفه‌تی باس‌کردنی زۆر شت نییه، ناشمانه‌وێ بچینه بواری ده‌مه‌ده‌مێ و کای کۆن به با کردن؛ هه‌ر بۆیه بۆ به‌رچاو ڕوونی زیاتر له ڕه‌وت و دۆخی ئێستای وانه‌ی کوردی به شێوه‌یه‌کی خێرا ئاماژه به هه‌ندێ له‌و خاڵانه ده‌که‌م.
-وانه‌ی کوردی له ماوه‌ی ئه‌م چوار ساڵه‌دا شه‌ش جار له چاپ دراوه و له‌گه‌ڵ نه‌رمامێره‌که‌ی نزیک ۳۰۰۰۰ سی هه‌زار به‌رگ و کۆپییان لێ بڵاو کراوه‌ته‌وه.
-وانه‌ی کوردی ساڵی یه‌که‌م له شاره‌کانی سه‌قز و زێویه و به ڕێژه‌یه‌کی که‌میش له سنه و دیوانده‌ره وه‌ک وانه به قوتابیان وترایه‌وه به‌ڵام ساڵ له‌گه‌ڵ ساڵ په‌ره‌ی سه‌ند و له‌م ساڵدا تا کامیاران و به‌شی که‌ڵاته‌رزانی سنه‌ش کشاوه. ته‌نانه‌ت هه‌ندێ هاوکاریش له بۆکان دوو ساڵ وتیانه‌وه.
– وانه‌ی کوردی بێ هیچ سەپاندن و گوشارێکی ئیداری، ته‌نیا له‌سه‌ر حه‌ز و خواستی دوو لایه‌نه‌ی مامۆستایان و قوتابیانی تامه‌زرۆی فێرکاری زمانی زگماکی خۆیان ده‌وترێته‌وه. ته‌نانه‌ت یه‌ک دوو مامۆستا له شاری سه‌قز وڵامی داواکاری زۆری قوتابیانیشیان نه‌داوه‌ته‌وه و به بیانووی جۆراوجۆر ملیان به وتنه‌وه‌ی وانه‌ی کوردی نه‌داوه و کردوویانه به داخ به دڵی قوتابیانه‌وه، کەچی جگه له قوتابیان و بنه‌ماڵه‌کانیان ڕووبه‌ڕووی هیچ چه‌شنه ناڕه‌زایه‌تییه‌کی ئیداری و فه‌رمی نه‌کراونه‌ته‌وه.
– زۆر جار مامۆستایانی ده‌رسه‌کانی تری وه‌ک هونه‌ر، قوڕئان، ڕیازی ، ئینگلیزی و… هه‌ستیان به به‌رپرسیاره‌تی فێرکاری زمانی دایکی کردووه و به پێی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی به ده‌ستیانه‌وه بووه کتێبی وانه‌ی کوردیان وتووه‌ته‌وه و ئه‌وه‌نده‌ی توانایان بووه یارمه‌تی پڕۆسەکەیان داوه؛ هه‌ڵبه‌ت جێگای ئاماژه‌یه مامۆستایانی وانه‌ش ده‌ستیان نه‌هێناوه‌ته ڕێگای هیچ هاوکارێک و ڕێزیان بۆ دڵسۆزیان داناوە و حورمه‌تیان له زه‌حمه‌تیان گرتووە.
– ئه‌و قوتابیانه‌ی چێژی وانه‌ی کوردیان چه‌شتووه به ڕۆحێکی تر و گوڕ و تینێکی جیاوازتر له جاران دێنه‌وه بۆ قوتابخانه و له بواری فێربوونی زمان و ئه‌ده‌بیاتدا چالاک‌تر و وره به‌رزترن؛ لە هەمان حاڵیش‌دا زۆر زیاتریش لە جاران خۆیان بە حاڵی‌بوون لە ئەدەبی فارسییەوە هیلاک دەکەن و تێگەشتنیان قووڵتر و خێراترە.
– ئه‌و مامۆستایانه‌ی بە وتنەوەی وانەی کوردی هه‌وڵی سەقامگیری و گشتگیری زیاتری ئەم پڕۆسە ده‌ده‌ن شایانی هه‌موو ڕێزێکن چون هەر هەموویان خۆبه‌خشانه و بێ هیچ چاوه‌ڕوانییه‌ک قۆڵیان بۆ ئه‌م خزمه‌ته هه‌ڵماڵیوه و بەدڵ کارێکی زیاد و بەدەر لە ئەرکی ئیداریان لە ئەستۆ گرتووە.
بە پێی ئەو خاڵانەی باس‌کران خواستی فێرکاری زمانی دایکی، ته‌نیا خواستی تاقمێکی نوخبه و هه‌ڵبژارده نییه، به‌ڵکوو خواستی گشت خه‌ڵکه و پێویستە ڕێزی لێ بگیرێ.