۲۸ی سەرماوەزی ۱۲۹۳ی هەتاوی

١٠٤ساڵ پێش ئێستا و چل ڕۆژ دوای دەرکردنی فتوای جیهادی ئیسلامی دژی وڵاتانی هاوپەیمانی شەڕی جیهانیی یەکەم ( ڕووسیە، بریتانیا، فەڕانسە، ئەمریکا و…) لە لایەن سوڵتان محەمەدی پێنجەمی عوسمانی کە لەگەڵ ئاڵمان و ژاپۆن یەکیان گرتبوو و فتواکەی لە لایەن زۆربەی کەسایەتییە ئایینییەکان و سەرۆک هۆز و عەشیرەتە کوردەکانی ئێران و عوسمانی پێشوازیی و پشتیوانیی لێکرا، لەم ڕۆژانەدا هێزەکانی عوسمانی ناسراو بە ئەرکان و مەبعووس لەگەڵ سێ هەزار سۆفی و مورید و مەنسووبی شێخانی قادری و نەقشبەندی لە بانەوە گەیشتنە ناو شاری سەقز.
بە فەرمانی حاکم بەم بۆنەوە دووکان و بازاڕ داخرا و خەڵکی شار بە گەورە و چکوولەوە بۆ پێشوازیی لە لەشکری ئیسلام لە شار چوونە دەرەوە و بە سڵام و سەڵوات و تەکبیر بە خێریان هێنان. هێزەکانی کورد و ئەرکان بۆ حەوانەوە لە شابەندەرخانەی عوسمانی و لە ماڵی هاووڵاتیانی سەقزی دامەزران و دوای دوو ڕۆژ بە رەو شاری میاندواو کەوتنە ڕێ. لەم ڕۆیشتنەدا ۵۰۰ نەفەر لە دانیشتوانی شاری سەقز بە نیازی بەشداریکردن لە جیهاد پشتیوانیی و هاوڕیێیان کردن. حاجی شەریفی نیلوفەڕی، شێخ محەمەد عارفی نەقشبەندی و شێخ ڕەئووفی زیایی لە کەسانی ناسراوی ئەو جەماعەتە بوون.
شایانی یاداوەرییە کە جەماعەتێکیتر لە شێخ و مەلا و پياوماقووڵانی كورد وەك شێخ باباسەعيدی بەرزنجی (صدرالسادات) غەوس ئاباد، شێخ عەبدولسەلامی بارزانی، مەلا ئەبووبەكر ئەفەندی لە هەولێر، تەها ئەفەندی لە حەكاری، عەبدولقادر ئەفەندی لە بيارە، محەمەدحسەينخانی موكری حاكمی بۆكان، سەيفەدينخانی ئەردەڵان (مظفرالسلطنه) حاكمی سەقز، محەمەدخان حاكمی بانە و … نە تەنيا فتوای سوڵتانی عوسمانيان لاپەسەند نەبوو و بەشداریی شەڕیان نەکرد بەڵكوو لە بەرانبەریشدا وەستان كە لە ئەنجامدا چەند كەسيان سەريان لەپێناوی هەڵوەستەكەيان دانا. لەوانە سەیفەدین خانی ئەردەڵان و محەمەدخانی بانە و شێخ بابا سەعیدی غەوس ئاباد.
✍️ئەنوەر مەعریفەت