۳ی سەرماوەزی ۱۱۰۲ی هەتاوی ـ ۲۴ی نوامبری ۱۷۲۳ی زایینی ـ ۲۵ی سەفەری ۱۱۳۶ی كۆچی

٢٩٥ ساڵ پێش ئێستا و لەم ڕۆژەدا «شێخ حەسەن مەولاناوا» لە تەمەنی ۹٦ ساڵیدا لە مەولاناوا كۆچی دوايی كرد. تەرمەكەی لە هەمان ئاوايی نێژرا و ئێستا گومبەز و بارگای  بۆ سازكراوە.

شێخ حەسەن کوڕی شێخ ئیبراهیم لە بنەچەی شێخ زەکەریای موهاجیر، پاش ئەوەی خوێندنی سەرەتایی باوی سەردەمی تەواو کرد، بۆ فێر بوونی باڵای زانستە عەقڵی و نەقڵییەکان چووە کۆمەڵگەی ئەلئەزهەر لە میسر و لەوێوە چووە عێراق و بوو بە خەڵیفەی شێخ مەعرووفی نۆدێ، پاشان کە گەڕایەوە بۆ ئێران، لە گوندی مەولاناوای سەر بە ناوچەی خۆڕخوڕەی سەقز بۆ هەمیشە دانیشت.

شێخ حەسەن لەگەڵ ئەوەی کە ژیواری بنەماڵەی بە کاری کشت و کاڵ بەڕێوە دەبرد، دەستی کرد بە ڕێنوێنی ئایینی و شەرعیی خەڵک و بووژاندنەوەی ئەرک و ڕێ و ڕەسمی ئیسلامی و بە یارمەتیی نووسەرەکەی، قورئانی پیرۆزی لەو پەڕی جوانکاریی و بێ خەوشیدا نووسییەوە کە ئێستا لە گوندی مەولاناوا پارێزراوە و لە مەزاری شێخ حەسەن‌دا بووتە زیارەتگای خەڵک و پەنای بێ دەرەتان و نیازمەندان و ساڕێژکەرەوەی ئێش و ئازاری دەردەداران. شێخ حەسەن هەروەها دەستی باڵای لە خوێندنەوە و ڕاڤەی سەرچاوە ئایینی و زانستی و عێرفانییەکانی سەردەم و پێش خۆی هەبووە و لەم بوارانەدا گەلێ کتێب و دەستنووس و پەراوێزی تۆمارکردووە. شێخ حەسەن لە سەرچاوەی چەش و بەهرەی ئەدەبییەوە، سەروسەودای لە گەڵ ئەدەبیاتیش‌دا بووە و بە زاراوەی گۆران(هەورامی) هەڵبەستی نووسیوە.

 

هاوینی ساڵی ١٣٩٥ بە کۆشش و بەدواداچوونی دوکتور شەهباز موحسێنی سەرۆکی زانینگەی ئازادی شاری سەقز، بۆ یەکەم جار، ڕێ و ڕەسمێکی شایستە بۆ ڕێزلێنان و لێکدانەوەی لایەنە جۆربەجۆرەکانی ژیانی ئایینی و زانستی و ئەدەبی شێخ حەسەن لە شاری سەقز بەڕێوە چوو.

 

ئەنوەر مەعرێفەت

مطالب مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا