ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە موفیدە مەزهەر، نووسەر و وەرگێڕی سەقزی بەڕێوە دەچێت
کۆمەڵێک لە چالاکانی فەرهەنگی سەقز بەنیازن لە ڕێوڕەسمێکدا ڕێز لە چوار دەیە چالاکیی فەرهەنگی و هونەری “موفیدە مەزهەر” نووسەر و وەرگێڕی زەحمەتکێشی سەقز بگرن. ئەم کۆڕە ڕۆژی شەممە ۳۱ی پووشپەڕ کاتژمێر ۵ی ئێوارە، لە هۆڵی کتێبخانەی گشتی بەڕێوە دەچێت.
خاتوو موفیدە مەزهەر یەکێکە لە نووسەرانی سەقز کە زیاتر لە بواری ئەدەبی منداڵاندا چالاک بووە و چەندین کتێب و شانۆنامەی لەو بوارەدا چاپ و بڵاو کردووەتەوە، کە هەندێکیان نمایش کراون.
بەشێ لە بەرهەمەکانی ئەو بریتین لە “سێ شانۆگەری بۆ منداڵان”، چیرۆکی “تیتل و بیبل و هەدایە”، وەرگێڕانی “بەسەرهاتی ئەو کابرا کاسە و کەوچکەکانی نەشۆرد” و…
هەروەها کتێبی “دەسێ گوڵ و دەسێ نێرگز”ی کە کۆی ۳۱ چیرۆکی فولکلۆری ناوچەی سەقزە لە گەڵ چەند نووسەری دیکە بە چاپ گەیاندووە.
خاتوو موفیدە بەشێک لە بەرهەمەکانی باوکیان، خوالێخۆشبوو شێخ نافێعی مەزهەر، لەوانە دیوانی شیعری “گردو کوۆ”، کتێبی “سڵ و ترسی سەقز”، “بیرەوەریەکانی شێخ نافێع و … کۆ کردوەتۆ و بەشێکی لە چاپ داوە و بەشێکی ئامادەن بۆ چاپکردن.
پێشتر بۆ ڕێزلێنان لەم نووسەرە، ئەنجومونی هیوای زانست کتێبخانەیەکی بە ناوی “موفیدە مەزهەر” لە گەڕەکی قەوخ ساز کردبوو.