لە گەڵ سروە؛

هۆی کۆچی کرمانج بۆ خۆراسان

قەنگە لای زۆربەی ئێمە پرسار بێت کە بۆچی بەشێ لە کوردەکان بەرەو خۆراسان کۆچیان کرددوە. لەم ژمارەی «لە گەڵ سروە» باسێکی مێژوویی ئێنینە ئاراوە کە «جەماڵ شێخەلیسلامی» لە ژمارەی ۷۱ی گۆڤاری سروە کە جۆزەردانی ۱۳۷۱ بلاو بوەتەتەوە هۆی کۆچی کوردان بۆ خۆراسان باس دەکات.

✍️جەماڵ شێخەلیسلامی

کاتێ سەفەوی‌ یەکان هاتنە سەر تەختی پاشایەتی ئیران، بۆ بەربەرەکانێ دەگەڵ ئیمپراتوور -ی داگیرکەری عوسمانی – کە خۆی بە خاوەنی وڵاتانی ئیسلامی دەزانی مەزهەبی (شیعە)یان لە بەرامبەر (سونی) دە ئێران دا پەرە پێدا. پێک هاتنی دەوڵەتێکی (شیعە) مەزهەب دەئێران دا کە هەر چوار دەورەی لە وڵاتانی (سونی) مەزهەب پێک هاتبوو کارێکی سادە و ساکار نەبوو، هەر بەو هۆیە ئێران لەهەر لاوە، لە باکووری رۆژهەڵات و رۆژئاوای وڵات کەوتە ژێر پەلامار و هێرشی ئیمپڕاتووری عوسمانی و (ئۆزبەک)انی هاودەستی. ئیمپڕاتووری عوسمانی هەرکاتێ ویستبای لە باکوورەوە بۆ ئێران هێرش بکا، ئۆزبەکەکانی هاودەستی خۆی هان دەدا کە هێرش بکەنە سەر خۆراسان و دەست بکەن بە کوشتن و تاڵان و وێران کردن.

شائئیسماعیلی هەوەڵ، کەسێ بوو کە کوردەکانی (قەرامانلوو)ی(۱ و ۲) بە فەرماندەیی (بەیرام بەیگی قەرامانلوو) بۆ بەربەرەکانێ دەگەڵ ئوزبەکەکان ناردە بەرەی خۆراسان و دوای وی کوڕەکەی شا شتەهماسب کوردەکانی زەنگەنە (۳)، چگنی (۴)، زیک (۵) و کەلهوڕی (۶) بۆ یارمەتی هێزی خۆراسان ناردە ئەوێ. لە سەرەتای دەسەڵاتداری شاعەباس ئوزبەکەکان پەرەیان دا بە هێرشەکانی خۆیان و (خۆراسان)یان کردە وێرانەیەک، کەچی شاعەباس زاتی نەبوو لە ناوچەی “رەی” بەم لاوە بچێ. هەر بەو هۆیە لە ساڵی “۱۰۰۰-ق” یانی پێنجەمین ساڵی پاشایەتی شاعەباس شارەکانی مەشهەد، رادەکان، سەبزەوار، نەیشابوور، ئیسفەراین یەک بە دوای یەک دا بە دەستی (عبدالمومن خان)ی ئۆزبەک تاڵان و وێران کران، لاوان و پیاوان دەخوێن گەوزان و ژنان و منداڵان بە دیل گیران و لە بازاڕەکانی (خیوە) و (بوخارا) دەفرۆشران و شاعەباسی کەبیر!!”یش” بێ هیچ نیگەرانییەک لە دەرباری قەزوێن خەریکی عەیش و نۆش بوو.

لە ساڵی ۱۰۰۴ق دا کە دەبێتە نۆهەمبن ساڵی دەسەڵاتداری شاعەباس لەشکری ئێران، بەرەو خۆراسان وەڕێ کەوت، چونکە گیر و گرفتی خۆراسان ببوە هۆی ئەوە کە خەڵکی ئێران سەبارەت بە شا ناهومێد و بەدبین بن.

(زولفەقارخان) کوردی قەرامانلوو برای فەرهادخان -سەرلەشکری ئێران- بە چوار هەزار کەسەوە لە لەشکری ئازەربایجان، لە قەزوێنەوە بەرەو خۆراسان وەڕێ کەوت و شاعەباس”یش” بەوێدا کەوتەرێ. فەرهاد خان”یش” بە سپای خۆیەوە لە زۆزانی (فیرووزکێو) هاتە نێو سپای شاعەباس. شا دوای دیتنی سپای بە شکۆی بیست هەزار کەسی خۆی، فەرمانی پێشڕەوی بە فەرهادخان و (زولفەقار خان)ی قەرامانلوودا و بەرەو جاجروم وەڕێ کەوتن و لێرە (جاجروم) شەڕ دەستی پێکرد. ئۆزبەکەکان تێک شکان و هەڵاتن.

سپای ئێران لە جاجرومەوە تا (ئیرە) و (فەریمان) -یەک فەرسەخی ئیسفەراین- پێشڕەویان کرد و ئوزبەکەکانی تێک شکاو بەرەو مەشهەد پاشەکشەیان کرد. شاعەباس نەیوێرا وەدوای “عبدالمومن خان” کەوێ و خۆراسان لە ژێر چنگی ئۆزبەکەکان دەربێنی، هەر بەو هۆیەوە گەڕاوە ئەستەرئاباد.

لە سەرەتای ساڵی ۱۰۰۶ ق (ئۆزبەکەکان لە دوو لاوە هێرشیان کرد و لە خۆراسانەوە تا نزیکی “قەزوێن”یان تاڵان کرد و تاقمێک لە سپاکانی ئۆزبەک چوونە (بوستام) و (دامغان) و دەستیان کرد بە تاڵان و وێران کردن. تاقمێکی دیکەش لە داگیرکەران ڕێگای (دامغان)یان گرتە بەر و تا (ئاران) و (بیدگولی) کاشان هاتن. دارۆغەی (سمنان)یش نەیتوانی بەرەنگاریان بێ و خەڵکی سمنان زەرەر و زیانێکی زۆریان وێکەوت. هەر کە ئەو هەواڵە بە گوێی (شاعەلی خان) میری چەمشگەزەگ لە ئۆردوگای (خار) گەیشت هاوڕێی تاقمێک لە (شەڕکەران) چەمشگەزەک وەڕێ کەوتن و لە بیابان دا گەیشتنە ئۆزبەکەکان و شەڕ دەستی پێکرد و چەند کەس لە ئۆزبەکەکان کوژران. سپای ئۆزبەکی کە نەیتوانی بەربەرەکانێ بکا تێکشکا و دەسکەوتەکانیان بەجێ هێشت و هەڵاتن. سەری کوژراوەکان و دیلە ئۆزبەکەکانیان هێنا بارەگای عالەم و دوای ئەو رووداوە ئۆزبەکی نەیان وێرا دەست درێژی بکەن…)- عالەم ئارای عەباسی ج۲، ل۵۳۳.

رووداوی سەرێ وڵام بەو کەسانەیە کە دەڵێن شاعەباس کوردەکانی (چەمشگەزەک)ی بەزۆر بۆ خۆراسان کۆچ داوە. وشەی “تەبعید” بە هیچ جۆر دروست نیە و بە پێچەوانەی وەیکە دەڵێن کوردەکان زۆریان لێکراوە و لە کێو و تەلانی خۆیان بۆ خوراسان کۆچ دراون و ئاوارە بوون، دەبێ بگوتری کە کوردەکان کەسانێک نەبوون کە زۆریان لێ بکرێ، بەڵکو ئەوان بەهێزترین هێزی کۆک و هەمیشە ئامادەی سپا بوون، شمشێر و کەوان و رمب و مەتاڵیان هەمیشە پێ بووە.

بەڵێ، ئەو پیاوانە بوون کە ئەو ئاو و خاکەیان لە هێرشی نەیارانی داگیرکەر پاراست. کاتێ دەبینین شاعەباس زاتی بەرەنگاری دە گەڵ ئۆزبەکەکانی نییە، دە ئاکام دا شاعەلی خانی چەشمگەزەگ هەڵدەکەوێ و لە ئۆردوگای (خار) و (وەرامین) دێ بەر ئۆزبەکانێک دەگرێ کە لە خۆراسانەوە تا کاشانیان داگیر کردووە و ئەوان تارومار دەکا و زەبرێکی وایان لێدەدا کە کە ئاوڕیش نەدەنەوە و بتارێن. تا ئێره ئوزبەکان دوو زەبری کوردانەیان چێشتبوو، یەکێ لە ئیسفەراین بە دەستی هێزەکانی قەرامانلوو ئەوی دیکەش بە دەست شاعەلی خان کە لەو زەمانە لە مەهابادەوە کۆچیان کردبوو و لە (خار) نیشتەجێ ببوون.

شاعەلی خان ئەو پیاوە حەماسە خولقێنەرە کە لە بەک ئیشارەی ۴۵ هەزار ماڵی کورد ئامادە دەبوون، ئایا شا عەباس هێزی وەی ۆەبوو کە بە زۆر لە مەهاباد کۆچیان بدا و تاقمێکیان ئاوارە و ئەسیر بکا و بۆ خوراسان تەبعیدیان بکا؟ مەگەر کۆچ دانی کوردان شۆخی و ئاسان بوو؟

کوردەکان بە مەیل و ڕەزایەتی خۆیان لە مەهاباد بۆ نیزیکی تارانی ئێستا کە ئەوکات موڵکی (رەی)یان پێ دەگوت و باشترین خاکی بەرهەم هێنەری ئێران بوو، کۆچیان کرد. چونکە مەڵبەندی ئازەربایجان و کوردستان نەیدەتوانی ئەو هەموو هێزەی دەخۆدا جێ بدا، بەو هۆیە کە ساڵ‌ها بوو تورکەکانیش لەو مەڵبەندە نیشتەجێ ببوون (بەهۆی نەزان کاری سوڵتان محەممەد خودابەندە سەرزەوەی یەکانی قەفقازی باشووری یانێ قەرەباغ، شیروان، گەنجە، نەخجەوان و لێڕەواری چۆمی ئەرەس کە جێگای ژیان و زۆرانی کوردەکانی چەمشگەزەک و شادلوو بوو، دوای شەڕگەلێکی زۆر، لەژێر دەسەڵاتداری ئێران دەرهێند ان و هێزەکانی عوسمانی داگیریان کرد و کورد، قاجار، ئەستاجلوو و ئەفشار لەو مەڵبەندەوە بۆ ئازەربایجانی ئێستا کۆچیان کرد. جگە لەوانە کوردەکانی لوبنان و و سوریا و عێراق و تورکیا(ش) کە ژێردەستی شای عوسمانی بوون، کۆچیان کردبوو و هاتبوونە دەوروبەری مەهاباد و ناوچەی موکری. کۆبوونەوەی ئەو هێزە زۆرەی کورد لەو ناوچەیە ببوە هۆی ئەوە کە: لە بابەت لەوەڕەوە بۆ پاناڵ دە چەرمەسەرێ کەون و پەیتا پەیتا لە سەر لەوەڕگا و ئاو و مێرگ، لە نێوان هۆزەکان دا، گیروگرفت و شەڕ رووبدا.

شاعەباس(یش) کە پیاوێکی لێزان و سیاسەتمەدار بوو، لە کۆبوونەوەی ئەو هێزە گەورەبەی کورد لەو ناوچەیە ترسا و ڕێگای چارەسەری دۆزیەوە و سەرۆکەکانی چەمشگەزەک (ی) بەو بۆنەیە کە ناوچەکانی (خار) و (وەرامین) بۆ کشت و کاڵ و ئاژەڵداری بەرپان و باشن، بۆ ئەو کۆچە هانی دان و ئامادەی کردن. بەڵام کاتێ کوردەکان دوو سێ ساڵێ لەو ناوچەیە مانەوە و و هێرشی ئۆزبەکەکانیان بۆ خوراسان لە دوورونزیکەوە دەدی غیرەت و ئازایەتی زاتی وان ئیزنی پێ نەدان کە هەر وا بێ دەنگ و ئاسوودە، دەست لە سەر دەست دلبنێن. هەر بەو هۆیە ڕێگەیان لە ئۆزبەکەکان گرت و بە مستی ئاسنین مێشکی ئۆبەکەکانیان پڕژاند و لە دوای ئەو رووداوە، بە “شا عەباس” یان راگەیاند کە ئامادەن خۆراسان لە ژێر چنگی وێران کەران رزگار بکەن و بەو مەبەستە کۆچ بە کۆچ و سوار لە سەر ئەسپانی کێوپەیکەر بە دەنگی زوڕناوزەنگۆڵەی وشتران بەرەو مەڵبەندی بەڵالێدراوی خۆراسان کەوتنەرێ و لۆقاو بە لۆقاوی ئەو مەڵبەندەیان ئازاد مرد و خۆیان گەیاندە شاری (سنا) پێتەختی لەمێژینەی ئەشکانیان و لەو مەڵبەندەدا نیشتەجێ بوون.

 

۱- لوو: پاشگرێکی تورکی یە کە خاوەن بوون و شوێن دەگەیەنێ: قەرامانلوو: قەرامان (ناوچەیەکە لە کوردستانی تورکیا)+لوو

۲-قەرامانلوو: جێی ژیانی ڕابردوویان لە قەراخ چۆمی (سان تری سین) بووە کە لە باشووری رۆژهەڵاتی کۆلی “وان”ی تورکیایە ئێستا لە نەیشابوور و دەوروبەری نیشتەجێن.

۳- زەنگەنە: گۆیا لە رابردوودا لە دەوروبەری کرماشان ژیاون، کە کۆمەڵێک لەوان دوای هێرشی مەغوول چوونە قەراخ چۆمی ئەرەس و دەستەیەکی دیکەشیان لە زەمانی سەفەوی دا بۆ خۆراسان کۆچیان کردووە، ئێستا لە رۆژهەڵاتی خۆراسان دا دەژین.

۴-چیگنی: دەرئەزە بایجان، قەزوێن، فارس، تاران و خۆراسان دا بڵاو بوونەوە. کوردەکانی چیگنی خۆراسان ئەمڕۆکە لە (بەخشی) چیگنعی شاری قۆچان دا دەژین.

۵- زیک: کوردەکانی زیک لە هێند، ئەفغانستان، خۆراسان، یەزد و کرمان بڵاو بوونەوە. پاڵەوانانی مێژوویی ئێران وەک “نەریمان”، “سام” و “رۆستەم” لەو کوردانە هەڵکەوتوون.

۶- کەڵهوڕ: یەکێک لە عەشیرەتەکانی گۆرانە.

۷- چەشمگەزەگ (زەعفەرانلوو): ناوی ناوچەیەکە لە پارێزگای (خربوط)ی کوردستانی تورکیا. کوردەکانی زەعفەرانلوو ئێستا لە شارەکانی ئیسفەراین، نەیشابوور، شیروان، قووچان، دەرگەز، کەڵات، چناران و مەشهەد نیشتەجێن.

۸- شادلوو: (صلاح‌الدبن ایوبی) لە رەگەزی کوردەکانی (شادلوو)یە. هاوکات دەگەڵ کوردەکانی چەمشگەزەگ لە باشووری قەفقازەوە هاتن بۆ ئازەربایجانو لەوێڕا بۆ وەرامین و دوایەش بۆ خۆراسان کۆچیان کرد.

مطالب مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا