لە گەڵ سروە؛

نە خانێ هاتووە و نە خانێ ڕۆیشتووە

پیاوێکی گێل و بەستەزمان هەبوو بە ناوی “سەفەر قوڵی” ژنێکی زۆر سادە و بێ فڕوفێڵیشی هەبوو، لەسەر ئەو حاڵەی ڕا پێی خۆش بوو وەک پیاوێک مەزنی هۆز بێ و خەڵک ڕێزی لێ بگرن. وەک پیاوێکی ماڵدار و دەوڵەمەند خۆی دەنواند و لە زۆر کاراندا دەمدرێژی دەکرد، هەتا خەڵک واتێبگەن سەخی و ماقووڵ و تێگەییشتووە. خەڵکیش بە جوانی دەحاڵ و وەزعی ئەو گەییشتبون، هەر بۆیە پێیان دەکوت: “سەفەرقوڵی خان” هەتا دڵی پێی خۆش بێ. سەفەر قوڵی کە ئەوەی دەبیست هەستی بە پێخۆشحاڵی دەکرد.

رۆژێک کە لە دێ یەکەوە بۆ دێ یەکی تر دەچوو، ویستی شتێک بۆ تووشەی سەفەری بکڕێ، بەڵام پووڵێکی کەمی پێبوو. ڕۆییشتە نێو دێ هەتا بڕێک نان و کاڵەکێک بکڕێ. کابرای کاڵەک فرۆش هەر کە لە دوورەوە چاوی بە سەفەر قوڵی کەوت گوتی:
ئا…ی جەنابی سەفەر قوڵی خان، سڵاوت عەرز دەکەم. سەفەر قوڵی زۆری پێخۆشبوو. دیتی کە لەو حاڵەدا بۆوەی نابێ کاڵەکی چکۆڵە بکڕێ، چوو و لە نێو کاڵەکەکاندا کاڵەکێکی هەرە گەورەی هەڵبژارد و بۆ کڕینی نان پووڵی پێ نەما. کاڵەکەکەی هەڵگرت و وەڕێکەوت. لە نێوەی ڕێگەدا برسی‌یەتی هێرشی بۆ هێنا. لەژێر نیسێی دارێکی قەراخ کانیەک دانیشت. کاڵەکەکەی شکاند و گوتی:
ئەو کاڵەکە زۆر زلە و ئەمنیش ناتوانم یەک جێ بیخۆم. وا باشە نیوەی بخۆم و نیوەشی لێرە بەجێ بهێڵم کە ئەگەر ڕێبوارێک بەوانەدا هات وا بزانێ کە پیاوێکی دەوڵەمەند و سەخی وەک سەفەر قوڵی خان بێرەدا هاتووە. دوای خواردنی لەتێکی کاڵەکەکە نەختێک خەوت. کاتێک وەخەبەر هات دیسان برسی بوو. گوتی: وا باشە ئەو لەتەش بخۆم. هێنای بە بەردێکی تیژ لەتە کاڵەکەکەی چا کرد. گۆشتەکەی خوارد و توێکڵێکی تەنکی هێشتەوە. دوایە گوتی: وەڵڵاهی ئەو توێکڵە زۆر تەنکە. بڕێک فکری کردەوە و گوتی:
وا باشە ئەو توێکڵەش بخۆم، هەر کەسێ بێرەدا بێ و ئەو تۆکڵە ببینێ دەڵێ: خان کە بێرەدا هاتووە و ئەسپیشی پێ بووە بۆ خۆی کاڵەکەکەی خواردووە و ئەسپەکەشی توێکڵەکەی و تۆوەکەشیان بە جێ هێشتووە.

سەفەر قوڵی توێکڵەکەشی خوارد و دیتی هەر تێر نەبووە تۆوەکەشی خوارد و گوتی: “ئێستا نە خانێ هاتووە و نە خانێ رۆیشتووە”.

ئەو مەتەڵە لە کاتێکدا دێنن کە کەسێک بیهەوێ دوای هێندێک هەوڵ و تێکۆشان بۆ گەییشتن بە مەبەستێک کە هیچ قازانجی تێدا نیە، پەژیوان بێتەوە، یا ئەوەتا نێو بژیوی دوو کەس بکا کە بەیێکەوە بەشەڕ دێن، بەڵام ئەوان گوێی پێ نەدەن و ئەویش بڵێ لێیان گەڕێ چ دەکەن با بکەن، هەروا دەزانین نەخانێ هاتووە و نە خانێ ڕۆیشتووە.

سەرچاوە: گۆڤاری فەرهەنگی، ئەدەبی سروە، ساڵی هەشتەم، جۆزەردانی ۱۳۷۱، ژمارەی ۷۱، لاپەڕەی ۶۲

مطالب مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا