لە گەڵ سروە؛
دوکتۆری دێ
ئەمڕۆ یەکەمی خەرمانان لە ڕۆژژمێرا بەناو رۆژی دوکتۆر یان “پزیشک” ناونیان کراوە. بۆیە ئێمەیش چیرۆکێکی دیکەی گۆڤاری “سروە”مان هەڵبژاردووە کە لە سەر دوکتۆری نووسراوە.
سەید کەماڵ لەتیفی یەکێک لە نووسەرانی سروە لە ژمارەی ۵۰ی ئەم گۆڤارە لە زمانی “کوبرا” و “حەمیدە” دوو کچی کوردەوە دەیگێڕێتەوە کە چۆن دوکتۆری قەبووڵ بوونە و چەن بە سەختی دەرسیان خوێندووە و دواجار بەڵێن ئەدەن کە بچنەوە گوندی خۆیان و خزمەت بە گەلەکەیان بکەن…
بەیانی دووشەممۆ سەعات نیزیکەی ۱۰ بوو کە لە زانستگا هاتمە دەرێ و بەرەو خەوگە وەڕێ کەوتم. ڕێگای پڕ دارو سەوزایی زانستگا هەتا خەوگە وێنەی پڕ نەخش و نیگاری پاییزی بەجوانی دەخستە بەر چاو. پێم خۆش بوو کە بمتوانیبایە بە ماوەی چەندین سەعات لەم پاییزە رێگەدا پیاسەم کردبا و بیرم کردباوە. گەڵای زەرد و ویشکی دارەکان لەژێر پێی ڕێبواراندا خشەخش دەنگی دەهات و منداڵان سەرمەست لەو دەنگە بە سەریاندا زرم و کوت هەڵدەبەزین و دەهاتن و دەچوون.
بۆ ساتێک کاتی منداڵیم هاتەوە بیر و ساتێکی تر زستانێک هاتە بیرم کە گەڵای زەردی پاییزی موژدە هێنەری بوون. بێ ئیختیار ویردی سپاس و ستایشی خوڵقێنەری ئەو هەموو جوانی و ڕێک و پێکی یەم بە سەر لێو داهات. لە پیادە ڕۆوە هاتمە سەر شەقامەکە و چاوەڕێی وەسیلەیەک کە زووتر بمگەیێنێتەوە راوەستام. لە پڕ تارمایی مرۆڤێک کەلە دوورەوە دەهات کەوتە بەرچاوم. ناسیاو بوو. هەرکە نیزیکتر بۆوە و زۆرتری لێ خورد بوومەوە ناسیمەوە، “کوبرا” بوو. باوەڕم نەدەکرد. زۆر لەمێژ بوو نەمدیبوو. لەو ساڵەوە کەلە “کۆنکوور” دەرچوو و بۆ درێژەدان بە خوێندن هاتە “مەشهەد” ئیتر نەمدیبوو.
کوبرا بۆ خوێندنی خولی دەبیرستان هاتبووە شاری ئێمە. من لەودەمەوە لەگەڵی ئاشنا بووم. دیوێکی لە نیزیک ماڵی ئێمەوە بەکرێ گرتبوو و بەتەنیا دەژیا و هەمیشە خەریکی دەرس و دەور بوو. ئێستێ لێرە چی دەکرد؟ بیستبووم کە دەرسەکەی تەواو بووە و گەڕاوەتەوە دێ. هەر دەتگوت نامناسێتەوە. بە پێکەنینەوە چوومە پێشی و سڵاوم کرد. ئەو کە بە دیتنی من واقی وڕ مابوو، هەروا چاوی تێبڕیبووم. ئاخری وەقسە هات و دوای تۆ خۆش و من خۆش گوتم: پێم وابوو ڕۆیشتووی؟ گوتی: حەوتووی پێشوو لێرە کارم هەبوو ئێستێش بۆ تەواو کردنی کار و باری خەوگە و دانەوەی کەل و پەل هاتوومەوە. هێدی تر و جوانتر لە جاران دەدوا، بەڵام پاکی و یەک رەنگی هەر وەکوو جاران لە وتەکانی دا بەدی دەکرا. دیسان چاوی لێ کردم و گوتی: “حەمیدە” باوەڕ کە یەکجار پێم خۆش بوو کە تۆم دی. دڵم گیرابوو، خودا خودام بوو ناسیاوێک ببینم. نازانم بۆ دڵم گیرابوو، پێم وابوو لەبەر ئەوە بوو کەدەبێ ئێرە بەجێ بێڵم.
کوبرا بێدەنگ چاوی بڕیبووە ئەو شەقامەی کە بەرەو خەوگە دەچوو. دوای ماوەیەک گوتی: بەرەو خەوگە دەچی؟
_بەڵی
ئەگەر ڕازی بی بە پێیان دەڕۆین. پێم خۆشە قسەت دەگەڵ بکەم. دەمهەوێ جارێکی تر بە قەراخ ئەم دارانەدا کە ئاشنای چەندین ساڵەی منن و دەنگی شەقاوەکانم دەناسنەوە تێپەڕ بم و باسی ساڵانی ڕابردووت بۆ بکەم بەشکم قسەکانی من بۆتۆ کە تازە دەستت بە پێوانی ئەم ڕێگەیە کردووە نرخێکی هەبێ و بەکەڵکت بێ.
ئەوانەی گوت و لە حاڵێکدا کە دەستی منی دەگرت، وەڕێ کەوت و منیش کە ئاواتەخوازی بیستنی قسەکانی بووم و لەخودام دەویست کە رۆژێک کوبرا باسی رابردووی خۆیم بۆ بکا لەگەڵی وەڕێ کەوتم.
چەند شەقاوێکمان هەڵێناوە کوبرا متەقی نەدەهات. دەتگوت وتەکانی ڕێک و پێک دەکا. ئاخری وەقسە هات و گوتی:
“حەمیدە” ۸ ساڵ کەم نییە. بۆخۆی عومرێکە. ئەو هەشت ساڵە منی خاراند و لە کچێکی دێهاتی مرۆی ئەوڕۆی بەدی هێنا.
تۆ تازە دەست پێکردووە و وا دەزانم پێت خۆشە باسی ئەو هەشت ساڵەت بۆ بکەم کە چۆنم تێپەڕ کردووە. منیش زۆرم پێخۆش بوو کە ئەم قسانە بۆ خوێندکارێکی تازە بکەم. ئەوەش بۆ خۆی ئەرکێکی گرینگە. دەنا وانیە حەمیدە؟
پێش هەموو شتێک پێت بڵێم کە قەدری ئەو رۆژانە بزانە کە ئێستێ تێی دای. ئەو کات و ساتانە بۆ ئێمەمانان بەنایبەتی بۆ من و تۆ کە لە جێگەی دوور و بێ بەشی وڵاتەکەمانەوە هاتووین زۆر گرینگ و پڕ بایەخە. هەشت ساڵ لەمەو بەر، ئەو ڕۆژەی کە ناوی قەبووڵ بووەکانی کۆنکووریان لە رۆژنامەکاندا نووسی. دڵە کوتەیەکی سەیرم هەبوو. بابم هەر ئەو رۆژە لە دێوە چوو بۆ شار تا بەشکەم هەواڵێک وەدەست بێنێ. ئەزقەزا یەکێک لە خزمەکانی بابم کە لە تاران کاری دەکرد، ناوی منی لە ریزی ئەوکەسانەی کە بۆ پزیشکی دەرچوو بوون دیتبوو، تەلەفۆنی کردبوو کە بە هەر شێوەیەک بێ ئەو هەواڵە بە ئێمە بگەیێنن.
حەمیدە، ئەو رۆژە یەکێک لە خۆشترین رۆژەکانی ژیانم بوو. جیرانەکانمام هەموو لەبەر درگا دانیشتبوون و چاوەڕێی هاتنەوەی بابم بوین کە بێتەوە. نیزیک ئێوارێ بوو، کە فەریدەی خوشکم کە ئەو دەمە سەرەتایی دەخوێند بە پەلەپەل و هەلە هەل هاتەوە و لەسەری گەڕەکەوە گوڕاندی:
دایە کوبرا دەرچووە. بۆ دوکتۆری مەشهەد دەرچووە.
دەنگی فەریدە خۆشترین بەڵێنی بوو کە یەکدا بە دوو شوور و غەوغای خستە کۆڵانەکە و بە چاو لێنانێک حەوشە بچکۆلەکەمان پڕ بوو لە خەڵک. چەند مریشک و کەڵەشێرمان هەبوو کە بە دیتنی ئەو هەموو حەشیمەتە ترسابوون و قیڕە قیڕ هەڵدەسووڕان. ناتوانم چۆنیەتی ئەو کاتەت بۆ باس کەم و ئیحساسی خۆمت بۆ دەربڕم.
بابم لە سەر جادەوە هەتا مەیدانی دێ بە هەڵاتن هاتە خوارێ و پەیتا پەیتا مزگێنی دەدا کە:
“کچەکەم دەبێتە دوکتۆر، حەشیمەت، کچەکەم دەبێتە دوکتۆر، دەرد و ئێشان شەفا دەدا و زامەکانتان مەرهەم دەکا”.
دایکم لە ژێر لێوەوە دۆعای دەخوێند و لە خۆشیان دەگریا و فرمێسکی بە چاواندا دەهاتە خوارەوە. براکەم کە بۆ هێنانی وێنجە چوو بۆ مەزرا، بە بیستنی ئەو هەواڵە گوێ درێژەکەی بە باری وێنجەوە بەرەڵڵا کرد و مەڵەغان لەسەر شان گەیشتێ.
من سەرم لێ شێوابوو و نەمدەزانی وڵامی ئەو هەموو دڵسۆزی یەی خەڵک و کەس و کارەکەم چۆن بدەمەوە و چی بڵێم.
باوەڕم نەدەکرد کە دەرچووم. گاڵته نەبوو. لە گوندێکی لاڕێ بەو هەموو نەداری و هەژاری یەوە نەفەرێک ئەویش کیژێک بۆ پزیشکی زانستگای مەشهەد هەڵبژێردرابوو.
بێ شك له بیرتە ئەو دەمی که بۆ خوێندنی دەورەی ناوەندی هاتمه شار چ حاڵ و وەزعێکم هەبوو و چلۆنم دەرس دەخوێند. بەڵام بەوەش ڕا دیسان کچێکی دێهاتی بووم و ئەوەش بۆ ئێمە شانازی یەکی گەورەیە. لەو کاتەدا وتەی هەمیشەیی بابم لە بیر و مێشکمدا دەنگی دەدایەوە کە دەیگوت:
“رۆڵە ئێمە تازە لە دەستمان دەرچوو، بەڵام ناهێڵم ئەنگۆ وەک مە بێ سەواد بن. دەبێ دەرس بخوێنن و شتێک فێر بن بۆ ئەوەی سبەینێ بتوانن خزمەت بە خەڵک و گەلە هەژار و چەوساوەکەتان بکەن”.
ئەمنیش ویستم تەنیا قەبووڵ بوون بو. بەڕاستی دەمهەویست کە خزمەت بکەم و هەر لەو کاتەوە نیگەرانی و هومێد دڵی پڕ کردم کە چۆن بتوانم بۆ خزمەت بە خەڵک و بەرەی مرۆ خۆم ئامادە بکەم. من منداڵی گەورەی ماڵی بووم. رەنگ بێ وەزعی پێش شۆڕشی ئیسلامیت لە بیر بێ کە ژیانی کیژێک ئەویش کیژێکی دێهاتی لە شاریکی گەورەدا چەند دژوار بوو. ئەو جار خەرجیشی دەویست، پووڵی کتێب، نان و پێخۆر و جل و بەرگ و هات و چۆ و دەیان شتی تر. چۆن دەمتوانی ئەو هەموو خەرجی یە پەیدا بکەم؟ بابم پەڵە زەوی یەکی بچکۆڵانەی هەبوو کە کاری لەسەر دەکرد و لەڕاستی دا ئەم پەلە چکۆڵە هەیە و نیەی ئێمە بوو. دایکم بێجگە لە خەییاتی، چەند قەل و مریشک و کەڵە بابیشی رادەگرت و ئەوانە هەموویان پێکەوە ژیانی ئاسایی و دێهاتی ئێمەی پیک دەهێنا.
بە هەر جۆرێک بێ خۆم بۆ سەفەر ئامادە کرد. بڕانەوە لە ماڵ و ژیان و گوند و دۆست و ناسیاو ئەویش بۆ چەندین ساڵ گەلێک دژوار بوو. بەتایبەت بۆ من و تۆ کە لە منداڵی یەوە دەگەڵ ئەو مرۆ ساویلکە دڵ پاکانە ژیاوین. بەڵام هەرچی بێ ئاخری شەوقی درێژەدان بە خوێندن و خزمەت بە خەڵک کاری خۆی کرد. بەیانی ئەو رۆژەی کە دەررۆیشتم و دێم بە جی دەهێشت، دیتم کە دایکم دەگریا. ئەو دوسەت تمەن دراوەی کە بە خەییاتی و دروومان وەکۆی کردبووە و وەدەستی دام. نەمدەزانی بڵێم چی. کاتی خوداحافیزی لە خۆشەویستان نازانم بۆوا ناخۆشە. هەر دەڵێی زمانت دەبەسترێ و چیت بۆ ناگوتری.
تەواوی هاوسێکانمان خڕ ببوونەوە و هەر یەکەی بە شێوەیەک دۆعای بۆ دەکردم. چەند پریسکەی گەورە و بچووک نان و پێخۆری وەک کولێرە ناسکە و کەلانە، دیاری خەڵکی دێ بوو کە بە دڵپاکی و دڵسۆزی خۆیان خەجاڵەتیان کردمەوە.
ئاخری دەگەڵ بابم وەڕێ کەوتین و بە گریان خوداحافیزیمان کرد. شەو و رۆژێک بەڕێگاوۆ بووین. هەر یەکەم رۆژ گەییشتینە مەشهەد چووین بۆ نێو نووسی و خودا کردی لە خەوگە دیوێکیان دامێ. هەر لەو خەوگەیەی کە تۆ ئێستا لە یەکێک لە دیوەکانیدا نیشتەجێ بووی.
بابم دووسێ رۆژ مایەوە و بڕێک کەل و پەلی پێویستی بۆ کڕیم. ئوە رۆژەی کە دەیویست بڕوا گوتی:
“کیژۆڵەکەم! نەچی زۆت ناڕەحەت کەی خەم و پەژارە داتگرێ. خۆت بە خودا بسپێرە هەمیشە رووت لە خودا بێ کە قەت شکستی ناهێنی. هەر کاتیش کە پووڵ و شتی دیکەت ویست، نامە بنووسە بۆ دووکانی کاک خاڵند کە کاتیک هاتمەوە شار وەری بگرم”.
ئەوەی گوت و دەستی دەباغەڵی رۆکرد و پێنج سەت تمەنی لە گیرفانی کەوا شڕەکەی دەر هێنا و دای بە من. دەمزانی هەیە و نیەی ئەوەندەیە و دەبوو ماڵێی کردبایە. بەڵام بەو حاڵەشەوە گوتی :
“دەزانم کەمە تێدەکۆشم هی دیکەشت بۆ بنێرم. خەم و خەفەت نەخۆی ها!”.
چاوم بە دەستە قڵشاوەکانی کەوت و فرمێسکم هاتنە خوارێ. لە دڵی خۆمدا لە خودا پاڕامەوە کە دەستم بگری و قوتم بدا بۆ ئەوەی بتوانم وڵامی ئەو هەموو دڵسۆزیە بدەمەوە.
بابم نێو چاوانی ماچ کردم و رۆیشت. کاتێک دوور کەوتەوە، لە پشتەوە دیتم کە هەردووک شانی دەلەرزینەوە. بابم دەگریا. تا ئەو کاتە قەتم نەدیبوو بابم بگری. نامهەوێ بە قووڵی و وردی بۆتی بگێرمەوە و وەختت بگرم. بە دڵگەرمی و هیوا و هومێدێکی زۆرەوە کارەکەم، یانی خوێندنم دەس پێکرد.
تەنیا شتێکی کە زۆری جەزرەبە دەدام، نەداری و بێ پووڵی بوو کە وەک مۆتە سواری شانم ببوو. دەیویست بە هەر جۆرێک بێ هەنگاوم پێ شل بکا. کڕینی ئەو هەموو قەڵەم و کتێب و هات و چۆ و نان و پێخۆر و جل و بەرگ و کەوش و دەیان شتی تر، بەلێشاو پووڵی دەویست کە من بە گەڵاشم نەبوو. ڕەنگە بڕوام پێ نەکەی، بەڵام لە موددەی ئەو هەشت ساڵەدا ئەمن جارێکیشم داوای پووڵ لە بابم نەکرد. چونکە دەمزانی نییەتی و دەبێ قەرزی بکا و بۆ منی بنێری.
هەڵبەت ئەولنیش هەرچەند مانگ جارێک بڕێکیان پووڵ بۆ دەناردم کە لە فرۆشتنی حاسڵاتی زەوی و زار و خەییاتی و فرۆشتنی قەل و مریشکی دایکمەوە وە دەست دەهات کە منیش ئەو پووڵانەم زۆر بە وردبینی و ترس و لەرزەوە خەرج دەکرد. زۆر جاری وا بوو کە ژێتۆنەکەم دەفرۆشتەوە و بە نان و پێخۆرێکی هەرزانتر دەمگوزەراند. هەڵبەت هەمیشەش وام نەدەکرد. چونکە دەمزانی تەندروستیش پێویستە و دەرس خوێندن لەشی ساغ و فکری راحەتی دەوێ. ئەو رۆژانەش کە وەختم دەبوو هەر بە پێیان هات و چۆم دەکرد. هەر بەو هۆیە بوو کە توانیم جل و بەرگی زستان و چەکمە بکڕم و سێ زستان بە جووتێک چەکمە ڕابوێرم. لە لایەن زانستگایشەوە یارمەتی ماڵی یان دەداین.، بەڵام زۆر کەم بوو و لەمەش گرینگتر ئەوە بوو کە لە ئاخری تێرم دل دەیانداینێ و کەلێنێکی وەهای بۆ ئێمە نەدەگرت. دایکم هەمیشە لەو نامانەدا کە خوشک و برا بچکۆلەکانم بۆیان دەنووسیم ئامۆژگاری دەکردم کە:
“کچم لە قسان مەشهەد زۆر ساردە، وریای خۆت بە خودا نەخواستە نەخۆش نەکەوی”.
جارێکیش بڵووزێکیان بۆ ناردم کە کچی مام رەحمان بۆی چنیبووم. بەڕەحمەت بێ مام رەحمان بەهۆی نەخۆشی “سیل” ئەمساڵ کۆچی دوایی کرد. تاقە کوڕەکەشی پارەکە بە زگ ئێشە مرد و ئێستێ کەژاڵی کچی ئەگەرچی گەڕاوەشە بەڵام لە بەر دایکە پیر و زەلیلەکەی شوو ناکا و ئاگای لە دایکیەتی. شەش حەوت سەریشیان بزن هەیە کە ژیانی پێ دەبەنە سەر. … بە ۆەر جۆرێک بێ ئەو هەشت ساڵ خوێندنەم تەواو کرد. ماوەی ئەو چەند ساڵە تەنیا ئاواتقکم بوو، ئەویش گەڕانەوە بۆ گوندەکەم و خزمەت بە خەڵک بوو….
حەوتووی پێشوو یەکێک لە خوێندکارەکانی هاودەورەم لە کاتێکدا کە بەرەو تاران دەچوو تووشم هات و لێی پرسیم: بۆ کوێ دەچی و لە کوئ مەتەب دەکەیەوە؟
گوتم دەگەڕێمەوە ئەو گوندەی کە لێی لەدایک بوومە و ۆەر لەوێ مەتەب دەکەمەوە.
بە لەبزێکی ناحەزەوە گوتی: بۆ چما شار قاتە دەتەوێ بچیە بەڕەهوت؟
بە بیستنی ئەو قسانە ئاگرم گرت. ویستم بە سادەترین شێوە پێی حاڵی بکەم کە بۆچی دەمهەمێ بگەڕێمەوە دێ.بەڵام ئەو قسەکانی منی نەدەسەلماند. لە بارەی کوردستانەوە قسەم بۆ کرد، لە بارەی غەڵیکەوە کە چاوەڕێی دوکتۆر و دەرمانن، لە بارەی ئەو گۆندە دوور کەتووانەی کە بەنەداری و فەقیری دەژین وزۆە شەونەوتیان نیە کەلە فتێڵەی بکەن وتەنانەت بە برسیەتیش سەردە نێنەوە. بەڵام فایدەی نەبوو و کاری لەدڵی بەردینی ئەو نەکرد.
پێم کوت ئەگەر ساتێک لەگەڕانەوە دوودڵی بکەم خەیانەتم کردووە. بەڵام ئەو مەسخەرەی کردم لێی لە قاقا دام.
ئەمنێش قسەم پێ کوت ولێی بووم و بە جێم هێشت.
حەمیدە گیان: دەردی من لەو کەسانەوەیە لە هێشتا نەگەیشوونەتە ئێرە لە بیری نەگەڕانەوە ماڵ پێکەوە نا دان و دەیانهەوێ لەشارێکی وەكوو ئێرە پووڵ وەکۆ کەن.
بەڵێ حەمیدەگیان، تۆ هێشتا لەهەوەڵی رێگادا ی و دەگەڵ تەنگ و چەڵەمەکانی بەباشی شارەزانەبووی، بەڵام دەبێ خۆ راگری.
وەرە هەر ئەوڕۆکەتازە دەست بەپێوانی ئەو رێگایە دەکەی، قەول بدەکەلە خزمەتی خەڵکی بی بەش و چەوساوە دابێ.
ئەوەش بزانە کە گەلی کورد زیاتر لە هەموو شتێک تینووی روون بؤنەوە و تێگەیشتوویین و بۆ دامرکاندنی ئەوە و دەیان ویستی تر دەبێ رووناکبیران وەپێش کەون و هەوڵ بدەن.
کوبرا قسەکانی تەواو کرد و منیش لە حاڵێکدا چاوم پڕ بوو لە فرمێسک قەولم دایە کە بەقسەی بکەم و وەک ئەو بگەڕێمەوە گوندەکەم و لە خزمەتی گەلەکەم دابم.
کاتێک کوبرا خوداحافیزی کرد و رۆیشت لەدوورەوە بەژن و باڵایەکی ڕیک و پێکم دەدی کە بۆ بەرنگار بوونی تەنگ و چڵەمەو کەندو کۆسپی گەلەکەی دەچۆوە و لێم سوور بوو کە سەر دەکەوێ.
*سەرچاوە: گۆڤاری فەرهەنگی، ئەدەبی سروە، ساڵی شەشەم، خەرمانانی ۱۳۶۹، ژمارەی ۵۰، لاپەڕەکانی ۱۹-۲۳