لە گەڵ سروە؛
پەندی سەر گۆڕ
لە گەڵی یەکی زنجیره چیای (ئاسلی) لە ناوچەیەکی سەر سنووری ئێران، بەردێکی نەختێک گەورە لە کەناری رووبارێک هەڵکەوتووە.
چەند ساڵێک لەمەوبەر یەکێک نووسینێکی لە سەر ئەم بەردەر هەڵکەندووە تا ئێستاش بە چاکی دەخوێندرێتەوە، رۆژگار نەیسڕیوەتەوە و دیارە ناشسڕێتەوە.
خەڵکی دەوروبەری ئەم چیایە ئەفسانەیەک لە بارەی ئەم بەردە دەگێڕنەوە، دەڵێن گوایە کابرایەک لە ژێر ئەم بەردە نێژراوە بەڵام کەس یادی لەبیر نەماوە. کاتی خۆی راوکەرێکی بەناوبانگ بوو، هیچ باڵندە و دڕندەیەک لەبەر دەستی قوتار نەدەبوو بەڵام لەبەر ئەوەی چاو چنۆک و بەرچاو تەنگ بوو هیچ پشوودانی نەدەزانی.
جارێکیان بە ژنەکەی گوت: “ئەمن بە کوشتنی بزنەکێوی یان دڵم داناکەوێ دەمەوێ بە زیندوویی بیانگرم!”.
چووه شاخان و نێرە کێوی یەکی شاخ زلی کوشت و کەوڵی کرد و چووە نێو کەوڵەکەی و وای لێ هات کەس نەیدەزانی نێری یە کێوی نیە. کە خۆی بەم چەشنە گۆڕی بە دزە دزە لە کێوی یەک نزیک بۆوە. ئەو رۆژە دنیا تەم و مژ بوو، کێوی یەکان لە فێڵی نەدەگەیشتن. هەر هێندەی مابوو بکەوێتە نێو رەوەکەو دەستی خۆی بوەشێنێ لەو کاتەدا بە هەڵکەوت راوکەرێکی تریش لە چیای (ئاسلی) دەسووڕایەوە. تفەنگی بە دەستەوە بوو، کە چاوی بەو نێری یە گەورەیە کەوت زۆر شاد و دڵخۆش بوو. لە دڵی خۆیدا گوتی:
“ئەم کێوی یە زۆر زلەیە بە گوللەیەک ناکەوێ!”.
ئەوە بوو دوو گوللەی گەورەی خستە بەر تفەنگەکەی و ئاگری دا. هاوارێکی بەسام لە هەوادا دەنگی دایەوە. راوکەر رایکردە سەر نێچیرەکەی، بینی کابرایەکە خەڵتانی خوێن بووە.
راوکەر سامی لێ نیشت و هاواری کرد: ئەوە تۆ چت لە خۆت کردووە تۆ بۆچی منت تووشی ئەم تاوانە کرد؟
کابرای نێوپێستی نێری یەکە بەسەرهاتی خۆی بۆ گێڕایەوە و گیانی دا.
ئیتر کابرایان لە دەم رووبارەکە ناشت و ئەو راوکەرەی کە کوشتبووی ئەم نووسینەی لەسەر کێلی گۆڕەکە هەڵکەند؛
“ئەوەی پێستی خۆی بگۆڕێ دوو گوللەی بەر دڵ دەکەوێ”.
بەردەکە ئێستاش لەدەم رووبارەکەیە و هەموو جارێ کە بۆ راو دەچمە ئەم گەلێ یە نووسینەکەی سەری دوو بار دەخوێنمەوە.
*سەرچاوە؛ گۆڤاری سروە، ساڵی دووهەم، ژمارە ۸، زستان ۱۳۶۵، لاپەڕەی ۸۹.