لە گەڵ سروە؛
گوێز تەکاندن
لەوانەیە زۆربەی ئێمە ئاگەداری ئەوەی نەبین کە ئەو گوێزەی شەوانی پاییز و زستان لە گەڵ مێوژ و تۆ و میوەیتر ئەیخۆین، له کاتی تەکاندن داب و نەریتێکی تایبەتی هەیە. کاک «» لە بابەتێکا بە تایبەت باسی داب و نەریتەکانی گوێز تەکاندنی کردووە و ئەم بابەتە لە ژمارەی ۷ی گۆڤاری سروە و لە پاییزی ۱۳۶۵ لە چاپ دراوە.
✍️رەحیم لوقمانی
هاوین دیمەن و روخساری زەرد هەڵگەڕاوە و گەردی پایزی گرتووە. تەبیعەت بەرگی گۆڕیوە و خۆی بۆ کزەی زریانی خەزان تەیار کردووە. گەڵای داران لە گوێن پەرەنگی گوارە دەلەرزێنەوە و ئیتر زەوی بەردراون و شینکەی کەم تەمەن سەریان هەڵداوە. ئاگری بێ دووکەڵ و تینی رەزبەر لە رەزبەر بووە و ناکووژێتەوە.
زریانی شێت لە کاوانەی شاخەوە داگەڕاوەتە دۆڵ و دەشت و چەم و باخان. هەنار و هەرمێ ئاویان تێگەڕاوە و چاوەڕوانی دەستی باخەوانن، زەردە بەهێ و سێوەلاسوورەی سفت و سۆڵ بە لک و پۆپانەوە ڕادەهێژێن. گوێز و بادامی باخ و لێڕو بنار و لاپاڵ هەڕەتیانە بۆ شەوچەرەی زستان هەڵگیرێن.
منداڵان چاوەڕوانن تا هەوری تاری، عەتری باران لە بووکی زەردەسووری گێوژ بپرژێنی. وا مازوان چاوەروانی دەست و چەڵاگی کوڕ و کچانە و زمانی گەڵای بۆ بارینی گەزۆ راداشتووە.
لەم وەختەدا گوێز پێگەییشتووە و هەڕەتی تەکاندنیەتی. گوێز تەکاندن وەک زۆر کاری دی زاراوەی خۆی هەیە. رەنگە زاراوەی هەر ناوچەیەش لە ئی ناوچەیەکی تر جیاواز بێ. ئێمە باسی گوێز تەکاندنی ناوچەی سەرشیوی سەقز دەکەین. دیارە وشە و زاراوەی، کارەکەش لە زمانی خەڵکی ئەم شوێنە وەرگیراون.
گوێزەڵان، باخە گوێزی چڕ و پڕی دۆڵ و لاپاڵ و کوێستانی بەرز و باگرە. گوێز بە باڵای بەرز و دیمەنی تەرزی شای دارانە و پڕ لک و پۆپە و گەڵای گەش و بۆن خۆشە. سێبەریشی فێنک و نسرمە. گوێزەڵان یا دەست نیا (دەست چەقێن) و باخی یە، یا خۆڕسکە و کێوی.
بەرهەمی گوێزەڵان گوێرە، کاتێ کە دەگرسێ چڵمۆکەیە، پاشان فەریک دەبێ، ئەمجار وردە وردە ڕەق دەبێ و تەشکی خۆی دەگرێ. باشترین گوێز ئەوەیە کە پڕ مەغزە و زوو دەشکێ و بە کاکڵەش دەردێ، بەمەش دەڵێن کاغەزی. گوێزە کوێرەیش خڕ و سەختە و کاکڵەکەشی باش دەرنایە و پێویستی بە کاردۆژە کردنە، هی تریش هەیە کە پووچەڵە و هیچی تێدا نییە.
کاکڵە گوێز ڕۆنێکی زەردی لێ دەگیرێ و بۆ وێنەکێشان و درووست کردنی سابوونیش بەکار دێ، هەروەها شەوانی زستان لە گەڵ مێوژ و بادام و تۆومیوە و… دەبێتە شەوچەرەی کۆڕی شەونشینی.
کاردوژە: ئەگەر گوێزێک کاکڵەکەی بە هاسانی دەر نەیە، کاردۆژەی دەکەن، یانی بە دەمچەی چەقۆ یان نووکی دەرزی دەری دێنن.
کەمکۆڵ: توێکڵی گوێز کە مکۆڵی پێ دەگوترێ کە رەنگێکی مەیلەو قاوەیی لێ دەکەوێتەوە و درەنگ دەچێتەوە، جگەلەمە کەمکۆڵ بۆ دەرمانیش کەڵکی لێ وەردەگیرێ. پاییز کەمکۆڵ دەمدەداتەوە و گوێز دەردەکەوێ، ئیتر بە دارەوە خۆی ناگرێ و باڕێزەی دەکەوێ کە نیشانەی پێگەییشتن و تەکاندنیەتی.
گوێزتەکاندن: ئەگەر گوێزەڵان هی هەموو ئاوایی بێ خەڵک بە زبارە و هەرەوەز دەچنە تەکاندنی، ئەگەر هی ماڵێک بێ، خاوەن گوێز پیاوی بۆ بەکرێ دەگرێ.
هەر کە بەیان ئەنگووت دەستەی گوێزتەکێن بە هەموو کەل و پەلی پێویستەوە لە دەرۆی ئاوایی یەک دەگرن و سوارە و پیادە رێ دەکەون. لە نێو گوێزان لە سەر کانیاوێکی نزیک بارگە و بنەیان دەخەن و دەست بە کار دەکەن.
دەستەی یەکەم کە پێیان دەڵێن رەوان لە پیاوی دارەوان و بەکار پێک هاتووە کە بە دارەگوێزدا هەڵدەچن و هەموو لک و پۆپان دەگەڕێن. رەوان دارێکی باریک و درێژیان بە دەستەوەیە کە گوێزی پێ دەتەکێنن، بەم دارەش دەڵێن رەوە. وێدەچێ ئەسڵی وشەی رەوان، رەوەوان بووبێ.
کە دارێکیان تەکاند و لێ بوونەوە دەستەیێک کوڕ و کچ بە تەلیس و دایەنەوە (کۆش) بەری لێ دەگرن و گوێزەکە دەچننەوە. بەم دەستەش دەڵێن چنان. یەکێکیش لە دووی چنانەوە پاشەرۆک دەکا، یانی بە لقەدارێک ژێر گەڵا و هەموو پەنا و پەسیوو چاڵ و شیوێک دەپشکنێ تا هەرچی جێ مابێ کۆی بکاتەوە.
کە کۆشی چنان پڕ یا قورس بوو دەتەلیسی دەکەن و کەسێک بەناوی کۆڵ کێش دەیدا بە شانیدا و دەیباتە سەر کەلار ( خەرمانی گوێز) و رۆی دەکا. لە سەر کەلار یەک دوو کەس بە ناوی ئەمیندار خەریکی پاک کردنەوە و کەمکۆڵ گرتنی گوێزەکە دەبن و پاشان بە پێوانە لە تەلیس و جەواڵی دەکەن و سەردرووی دەکەن.
لەو چەند رۆژەی گوێز تەکاندندا منداڵ و شوان و گاوانی گوند گاڕان و مێگەلیان دەبەنە دەوروبەری گوێزان و خۆیان دەچن بۆ شارۆ کردن. یانی لەو دارانەی تەکاون و چۆڵ کراون ئەگەر دەنکە دەنکەیەکی پێوە مابێ، بە بەرد و پلار دایدەخەن بۆ خۆیان، بەمانەیش دەڵێن دەستەی شارۆکەر.
زۆر جار منداڵان لە شارۆ کردندا دەیکەن بە قڕە و هەرا یا بە دوان شاڵاو بۆ گوێزێکی بەتاڵ دەبەن.
کە کاری گوێز تەکاندن دوایی پێ هات و گوێزیان راگوێستە گوند، خاوەن گوێز دەیباتە شار یا کڕیار خۆیان دەچن.
گوێز بە تەغار (سێ دەنک) و پووت و هەزار پێوانە دەکرێ کە زیاتر بەم دوو پێوانەیە معامەلەی دەکەن.
*سهرچاوه: گۆڤاری سروە، ژمارەی ۷، پاییزی ۱۳۶۵، لاپەرەی ۷۲ تا ۷۴٫