لە گەڵ سروە؛ چیرۆک بۆ منداڵان
چەقالە قۆخ

✍️ ییلماز گۆنای
✍️وەرگێر: مەنسوور ئەردەلان
مناڵێکی چکۆلە چەقالە قۆخێکی نابووە دەمیەوە، ئەیویست بە ددان بیشکێنێ، باوکی چاوی لێ بوو وتی:
_کوڕم… چەقالە قۆخ بە ددان ناشکێ، دانت خراپ ئەکا.
مناڵ وازی نەهێنا پەیتا پەیتا بە ددان هێزی لێ دەدا. چەقالە قۆخ وەک قایشی تۆپی تراکتۆر گرینج گرینج بوو. قرپەیەکی لێوە هات ددانی مناڵەکەش ئێشی پێ گەیشت، مناڵەکە دەستی گرت بە دەمیەوە کە هاتبوە ئێش.
باوکە گوتی:
_چەقالە قۆخ زۆر قایمە، دانت حەیفە.
مناڵەکە گوێی نەدایە، رقی لە ناوکە قۆخەکە هەستابوو. بە خۆی وت باوکم مرێ و دایکم مرێ هەر ئەیشکێنم، چەقالەکەی خستە سەر عەرزەکە بە لەقەوە نیشتە سەری بەڵام چەقالە قۆخ نەشکا و نەشکا.
مناڵ وتی:
_من لە تۆ بەگیرترم، هەر ئەتشکێنم. ئەمجار بەردێکی پەیدا کرد لە چەقالەکە بەر بوو، بەڵام هەر جار کە بەردەکەی دەکێشا بە سەر چەقالەکەدا، چەقالە وەک ماسی هەڵئەخلیسکا و دەر ئەپەڕێ.
باوکی وتی:
_ کوڕم … چەقالەی قۆخ زۆر پتەوە بەو کوچکە گچکە ناشکێ. مناڵەکە بە توڕەییەوە شەقێکی لە چەقالەکە هەڵدا، تا لای بەری ئاوی حەوشەکە رەتاندی. باوکیشی لە داخا لەقەیەکی پێدا دا و لە تەرایی دەوری بیرەکەدا نوقمی کرد.
ماوەیەک تێپەڕی، مناڵەکە چەقالە قۆخی لە یاد بردەوە، تا رۆژێک کە لەگەڵ مناڵە ورکەی دەروجیراندا یاری و گەمەی دەکرد، باوکی بانگی کرد، هات بۆ لای، باوکی وتی:
_کوڕم ئائەوە چیە؟
مناڵەکە تماشای ئەو لایەی کرد کە باوکی دیاردەی بۆ کردەبوو، دو گەڵای کەسکی چکۆڵەی حوان عەرزەکەیان دڕیبوو سەریان دەرکردەبوو.
مناڵەکە وتی:
_گیایە
باوکی وتی:
_ نە گیا نیە، ئەمە دارە خەڵفی کردووە، لە ناو ئەو چەقالە قۆخە وەدەر هاتووە کە تۆ نەتتوانی بە دان و لەقە و کوچک بیشکێنی.
چەقالە قۆخی تەوس و قایم دیسان هاتەوە یادی مناڵەکە، ئەو چەقالە کە نەیتوانیبوو بە هیچ شێوەیەک بیشکێنێ، کاتێ کەوتە جێ تایبەتی خۆی، کاتێ گەیشت، توێکڵی سەفت و پتەوی شەق دا، عەرزی دڕ پێدا و شین بوو وە بە شێوەی نەونەمامێکی جوان سەری دەرکرد.
*سەرچاوە: گۆڤاری فەرهەنگی-ئەدەبی سروە، ساڵی چوارەم، ژمارە ۲۸، خەزەڵوەری ۱۳۶۷، لاپەڕەکانی ۵۸ و۵۹ .