لە گەڵ سروە
“سروە” گۆڤارێکی فەرهەنگی، ئەدەبی و کۆمەڵایەتی بوو کە بە دوو زمانی کوردی و فارسی و بە شێوەی مانگانە بە ماوەی ۲۵ ساڵ (۱۳۶۵ تا ۱۳۸۹ی هەتاوی) دەهاتە بەر دەست خوێنەران.
ئەم گۆڤارە ڕۆڵێکی بەرچاوی بووە لە خزمەت بە فەرهەنگ و کلتووری کوردی و لە بوارە جیاجیاکاندا قسەی بۆ وتن بوو، بۆیە واکاوی هەوڵ ئەدات بەشێکی بچوک لەو ئەرشیوە دەوڵەمەندە لە ژێر ناوی «لە گەڵ سروە» لە بەردەست بەردەنگان دابنێ با هەموومان بزانیین کە سروە چ ڕۆڵێکی بووە لە کۆمەڵگا و ڕوانینی سەبارەت بە کێشەکان چۆن بووە.
“لە گەڵ سروە” بە نووسراوەیێکی مامۆستای خوالێخۆشبوو کاک ئەحمەدی قازی دەس پێدەکەین کە ساڵی سێهەم لە ژمارەی ۱۴، خەرمانانی ۱۳۶۶ بڵاو بوەتەوە.
لێرەدا کاک ئەحمە سەرتا باسی جیاوازی شار و دێهات و پاشان ئەو گیر و گرفتانەی کە بۆ شارەکان ساز دەبێت بەو جیاوازییەوە کە لە وڵاتە پێشکەوتوەکاندا بەرنامەی زانستی یان بۆ شارسازی ئامادە کردووە، بەڵام لە شارەکانی ەۆمان بە هۆی کەمتەرخەمی و بێ بەرنامەیی دیمەنێکی ناشیرین زۆربەی شارەکانی ئێمەی تووشی کێشە و گرفت کردووە.
دواتر باسی ئەوە دەکات کە زۆربەی شارەکانی کوردستان کەوتوونە نێو چیاکان و ئەمە بۆتە هۆی گیر و گرفتی زۆر و لەم تەرزە شارانەدا ڕێگا و بان زۆر تەنگ و باریکن و ئەم دۆخە بووە لە هەوێنی شیعر و فۆلکلۆر. بۆ نموونە؛
«هەی لە کۆڵانی تەنگ شان مەدە لە شانم/ هەی نەشمیلەی چاو کاڵ تۆ سووتانت گیانم»
یان
«کووچەی کرماشان تەنگ و تاریکە/ یارێکی تێدا کەمەر باریکە»
مامۆستا قازی دوای ناوبردن لە چەن شار وەکوو شنۆ، سەقز، بانە، سنە و … لە ڕوانگەیێکی تایبەتەوە باسی شاری مەهاباد دەکات…