لەگەڵ سروە؛
خورشید خاتوون

✍حەکیم ساڵح
ئاخۆ چەند بە تاسەی ئەوە ببی کە ئەو گەروانە شێعرییەی بە موورووی وشەی کوردی رستی کردن، رۆژێ لە رۆژان لە گەردنی هەموو کچێکی کەڵ ملی کورد گیر ببن بۆ ئەوەی گەرد و تۆزی نەخوێندەواری و دواکەوتوویی بە ئاوێنەی روخساریانەوە نەمێنێ، بۆ ئەوەی هەوری چڵکنی کۆیلەتی بەری ئەستێرەی بەورشەی سیمایان بەر بدا.
بەڵام هەزار مەخابن، ئەی خاتوونە سالارەکەی دەم بە زاری، هەواداری کچانی کوردەواری، تاکوو ئێستایش ئاواتە مەزنەکەت چرایەکی هەڵنەکراوە. تاکوو ئێیستاش هیوا و خۆزگەت هەر گوڵێکە… بەڵام بێ ناز و ژاکاوە. ئاخۆ ئێستا گەوهەری وشە جوانەکانی تۆ لە بن کام دەریای فەرامۆش کراودا جریوەیان دێ و هێشتا هیچ مەلەوانێک رێگای نەبردۆتە سەریان.
ئاخۆ ئێستا “خاتووزینی” شێعرەکانت لە گۆشەی کام تەلاری بێ ناونیشاندا پێ ئەکەنێ و هێشتا “مەم”ی ئاوارەی ئەوین رێگەی لێی هەڵنەکەوتووە، کە ئەوەش قامکی رەخنەیەکە بەرەو رووی نووسەر و خاوەن قەڵەمەکانی مەیدانی ئەدەبیمان. بێینەوە سەر باسەکەمان کە یادکردنەوەی خورشید خاتوونی مەریوانییه.
خورشید خاتوون دایکی “قانع” شاعیری پایەبەرز و کچی شێخ مارفی کەولۆسە. باوکی بەبۆنەی نالەباری رۆژگارەوە مەریوانی بەجێ هێشتووە و بەرەو سنە رۆیشتووە. خاتوو خورشیدە ئەو دەم منداڵ دەبێ و لەنێو یەکێک لە خێزانە بەڕێزەکانی ئەردەڵانیدا ئەخرێتە بەر خوێندن. لە ئەدەبیاتی فارسیدا شارەزایی پەیدا دەکا و لەباری زانستیشەوە (صرف و نحو و بیان و منطق و عقاید) بە زمانی عەڕەبی دەخوێنێ.
نووسراوەیەکیشی هەیە دەربارەی چۆنیەتی خێزان و پەروەردە کردنی منداڵ هەر لە سەرەتای بوونیەوە تاهەڕەتی لاوی. دیوانی شێعری ئەو زانایەش تا ئێستا چاپ نەبووە. لە نەخش و نیگار و قاڵی چنیندا دەستێکی باڵای هەبووە. تا ئێستەش لە دەورووبەری سنە (خورشیدی) بە ناوبانگە.
مێژووی لە دایک بوون و کۆچ کردنی رۆشن نییە. هیوادارم ئەمەش و بەرهەمەکانیشی لایان لێ بکرێتەوە و بایەخی پێ بدرێ.
ئەمەش پارچە شێعرێکیەتی کە بۆ (عادلە)ی کچی نووسیوە:
کچم رۆڵەی کزۆڵەی بوردەباریم
چرای رووناکی بێ دەستی و هەژاریم
کچم پارچەی نەژاکاوی زەمانەم
نەتیجەی ئیهتمامی خوێندەواریم
وەرە گوێ راگرە بۆ پەندی دایکت
فەرەح بەخشی دەروونی بێ قەراریم
*سەرچاوە: گۆڤاری فەرهەنگی-ئەدەبی سروە، ساڵی پێنجەم، رەزبەری ۱۳۶۸، ژمارەی ۳۹، لاپەڕەی ۱۸.