فەتاح ئەمیری، ڕۆماننووسی کورد کۆچیدوایی کرد

فەتاح ئەمیری، ڕۆماننووسی ناوداری کورد، ڕۆژی شەممە یەکی بەفرانبار له بۆکان، بە هۆی نەخۆشی شێپەنجەوە، کۆچی دوایی کرد.
فەتاح ئەمیری، ساڵی ١٣٢٥ی ھەتاوی لە ئاوایی مەنیچەر، سەر بە شاری بۆکان، لە دایک بوو. خوێندنی سەرەتایی لە شاری مەهاباد درێژە پێدا. دواتر لە ئیدارەی کارەبای شاری بۆکان دامەزرا. ساڵی ١٣٥٤ بەھۆی چالاکیی سیاسییەوە دەسگیر کراو و تا ساڵی ١٣٥٧ لە بەندیخانە بووە.
ئەم نووسەره تا سەردەمی گوازتنەوەی گۆڤاری سروە بۆ سنە یارمەتی دەری بەڕێوەبەران بوو و بەشی (سروەی ئازیز) ی لە ئەستۆ بووە کە پێشوازییەکی باشیشی لێ دەکرا.
شارەزایی ئەوان له سەر زمانی کوردی بەتایبەتی بنزاری موکریانی بووەتە ھۆی ئەوەیکە ڕۆمانەکانی ببنە سەرچاوەیەکی زیندووی دەستەواژە و وشەی ڕەسەنی کوردی.
📚بەرھەمەکانی ئەم نووسەرە بەتوانا بریتین لە: ھاوارەبەرە (ڕۆمان١٩٩٠)، میرزا (ڕۆمان، درێژەی ھاوارەبەرە١٩٩٣)، زیندەخەو (ڕۆمان ٢٠٠٣)، گێژەڵووکە (بەرگی یەک)؛ خەم و خەیاڵ (بەرگی دوو) و…
ڕێوڕەسمی بەڕێکردن و ئەسپەردەکردنی کاک فەتاح ئەمیری پێشنیوەڕۆی ئرمڕۆ یەکشەممە، ٢ی بەفرانبار لە گۆڕستانی شاری بۆکان بەڕێوە دەچێت.