زاخۆ و فەرهەنگی پاڵپشتی؛ پەیامێک بۆ یاریگای نێو دەوڵەتی

یادگار فەرەجی کەسنەزان
ساڵانە جیهانی وەرزش چاوی لە خەڵاتی هاندەری ساڵی فیفایە بۆ ڕێز لێنان لەو هاندەرانەی کە بە شێوازی جیاواز پاڵپشتی یانەو یاریزانەکان دەکەن و جۆش و خرۆش دەخەنە نێو یاریگاکان، بەڵام ئەمساڵ لە چاو ساڵانی ڕابردوو قسەو باسی جیاوازتر هەیەو ئەویش چیرۆکی هاندەرانی یانەی شارێکی هەرێمی کوردستانە بە ناوی زاخۆ کە ڕێژەی دانیشتوانی ۲۵۰ هەزار کەسە .
هاندەرانی یانەی زاخۆ بە وێنا کردنی فەرهەنگێکی نوێ، بە فڕێدانی هەزاران بووکەڵە بۆ نێو یاریگای وەرزشی بۆ پاڵپشتی لە منداڵانی نەخۆش و کەم دەرامەت سنووری یاریگا و یاریزانانیان تێ پەڕاند، ئەم هەنگاوەی هاندەرانی یانەی زاخۆ تەنیا پاڵپشتێکی سومبولیک و ساکار نەبوو، بەڵکو پەیامێکی قووڵی مڕۆڤ دۆستی، یەک بوون، هاوخەم بوون و گرنگایەتی بەخشین بەو کەسانەیە کە لە هەموان زیاتر پێویستیان پێیەتی.
ئەو هەنگاو و کردارە ناوازەی هاندەرانی یانەی زاخۆ لە کاتێکدایە کە هاندەرانی یانەو تیپەکانی وڵاتانی دراوسێیان لە ناو یاریگاکاندا دروشم و هۆتافی ڕەگەز پەرەستی ئەدەن و پەنجەی نەفرەتیان بە ئیما و ئیشارەی گورگی خۆڵەمێشی وەک دژایەتیەک بۆ زمان و فەرهەنگ و کلتوور و کەلەپووریان درێژ دەکەنەوەو نەفرەتیان دەکەن.
جگە لەو گرنگایەتی و تایبەت مەندیانەی کە زاخۆییەکان خولقاندوویانە ئەگەر بە جوانی ورد بینەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە خەڵاتە بە بایەخەکەی هاندەرانی یانەی زاخۆ ئەکرێت لە چەن ڕەهەندی جیاوازەوە تاوتوێی بکرێن؛ ئەگەر سەرنج بدەینە شێوازی دابەشکاری خەڵاتەکان و چۆنیەتی دابەشکردنیان ئەبینین جیاوازییەکی بەرفراوان لە نێوان خەڵاتی ئەمساڵ و ساڵانی پێشوتر بوونی هەیە، ساڵانی پێشوو ئەم خەڵاتە بۆ پاڵپشتی بەردەوامی هاندەران لە یاریگاکاندا، بۆ پشتیوانی تیپ یان یاریزانان بووە یان بۆ هەڵمەتێکی دیاریکراو تەرخان کراوە بەڵام ئەمساڵ بۆ بابەتێکی کۆمەڵایەتی و جیا لەوەرزش خەڵاتەکەیان بەخشیوە. گەر سەرنجمان چڕ کەینەوە ئەبینین خەڵاتەکانی ساڵانی پێشوو تەنیا دوو جار بە شێوەی گروپ بەخشراوە، دیکەی ساڵەکان بە شێوەی تاکەکەسی تەرخانیان کردووە بەڵام ئەمساڵ بە گروپ و تاکە کەس نەبووە بەڵکوو تەرخان کراوە بە کۆمەڵانێ لایەنگری یانەی زاخۆ کە خولقێنەری ڕووداوەکە بوون .
ئەگەر لە ڕووی مانایشەوە لێکی بدەینەوە ئەبینین کە براوەکانی پێشوی خەڵاتی باشترین هاندەری ساڵی فیفا زۆربەیان لە سەر بنەمای پاڵپشتی وەرزشی دیاری کراون، بەڵام هەڵوێستی زاخۆ لە سەر بنەمای مرۆڤ دۆستی و فەرهەنگی ئاشتی و کۆمەڵایەتی وێنا کراوە، ئەوەی هەنگاوەکەی هاندەرانی زاخۆ لە براوەکانی پێشو جیا و بایەخدارتر ئەکات پەیامی گشتگیری هاندەرانی یانەی زاخۆیە کە زۆر بەهێزتر و کاریگەرتر لە پاڵنەری تاک و تاکە کەسیە ،
هاندەرانی یانەی زاخۆ وەرزشیان کردە پردێک بۆ گەیاندنی سۆز و یارمەتی و برایەتی و پێمانیان وت وەرزش ئەتوانێت ببێتە هاندەر و پاڵنەرێک بۆ دروست کردنی جیهانێک کە گرنگی بە هەموو مرۆڤەکان بدات، هەڵوێستی یانەی زاخۆ لە فڕێدانی بووکەڵەکان گەیاندنی پەیامی ئاشتیە لە گەلی کوردەوە بۆ هەموو جیهان کە لەوانەیە شایستەی خەڵاتێک بێت کە لە هاندەری ساڵی فیفا گەورەتر بێت، ئەمە نیشان دەدات کە هەڵوێستی مرۆڤ دۆستانە و کاریگەری پۆزەتیڤی کۆمەڵایەتی دەتوانێت پێوەرێکی نوێ بۆ هاندەری ساڵی فیفا دابنێت کە پشت بەستوو بە ئەخلاق و مرۆڤ دۆستی بێت نەک تەنیا پاڵپشتی وەرزشی.


