بە بۆنەی ۱ی ئایار، ڕۆژی جیهانی کرێکار – لە کوردستان
✍️یادگار فەرەجی کەسنەزان
ئەمساڵ لە کاتێکدا بەرەو پێشوازی و پیرۆز ڕاگرتنی ۱ی ئایار ڕۆژی یەکگرتوویی و یەک هەڵوێستی کرێکاران دەڕۆین کە قەیرانی جیهانی تەندروستی ژیانی کرێکارانی بە خۆیەوە گرێ داوەو زۆربەی کرێکارانی لە کار بێکار و خانەنشین کردووە.
گشتگیری کرۆنا و قەیرانی ئابووری کرێکاران و ئەوکەسانەی خاوەنی کار و پیشەی بچوک و ڕۆژانەن لە گەڵ ئەستەم ڕووبەڕوو کردوەتەوەو زۆر بنەماڵەو کڕێکار، بۆ بەدەست هێنانی بژێوی ژیانی ڕۆژانەیان دووچاری کێشەو بەربەست بوونەتەوە.
لە پارێزگای کوردستاندا سەرەرای دەوڵەمەند بوونی ئەم پارێزگایە بە وزەی ئاو و کان و کانزا سروشتیەکان، بە هۆکاری داخستنی سنوورەکان کەمتەرخەمی دەسەڵات داران و بەرپرسانەوە و نەبوونی کارگا و کارخانەو کۆمپانیای پیشەسازی و نەرەخساندنی هەلی کار و نە بوونی سەرمایە گوزاری، ئەو کێشانەی یەخەیان بە کرێکار گرتووە زۆر قوڵتر و بەرفراوانترە و زۆربەی خەڵکی لە بێ دەرەتانیدا و بۆ بەدەست هێنانی پاروێک نان لەو پەری ناچاریدا چاوی ئومێدیان بڕیوەتە سنوورەکان بۆ کۆڵ کێشی کە زۆربەی جار ئاستەنگ دێتە ڕێگایان.
هەڵوەسانی ئابووری و بەرزبوونەوەی ڕێژی بێکاری لەم پارێزگایە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خەڵک تووشی قەیرانی زیاتر دەکات و هۆکار بووە بۆ ئەوەی لە چاو ساڵانی پێشتر خەڵک بە ڕێژەێکی زیاتر هانا بو دامو دەزگا خێر خوازیە کۆمەڵایەتیەکان ببەن و لە ڕوی ناچاری و بێ دەرەتانیەوە بۆ هەڕاکردن لە برسیەتی پەنا بۆ زبڵدانەکان بەرن یان گورچیلەکانیان بفرۆشن.
کرێکار کە بە بازوی ماندوونەناسی کارا و بنیات نەری ئاسوودەیی و ئۆقرەیی ناوی لێ دەبەن مەخابن بە هۆی یاسا و ڕێساکانی کار و بارودۆخی کۆمەڵگا قورسایی زۆر لە سەر شانیان بارە و مافیان لە لایەن کەسانی خاوەن پیشەو دامو دەزگاکانەوە بە ئاشکرایی پێشێل دەکرێت و ئەو جۆرەشی کە شایەنە بەڕێوەبەرایەتی کار و دەستەبەرایەتی کۆمەڵایەتیش ئاوریان لێ ناداتەوە و بەدواداچوون بۆ سەروەری یاسا و پابەند بوونی خاوەن کار بە یاساکانی کارەوە ناکات و ئەمەش ئەبێتە هۆکاری کەمتەرخەمی خاوەن پیشە و چەوساندنەوەی زیاتری کرێکار.
زاقترین و بەرچاوترین خاڵ کە کرێکار پێوەیو دەناڵێنێت و لە کار و ئیش بێ هیوای دەکات نەبوونی ئەمنیەت و هێمنایەتی کارە، بە داخەوە زۆربەی کڕێکاران کارەکانیان کاتییە و خاوەنی کاری بەردەوام و درێژ مەودا نین و ئەو گرێبەستانەشی کە هەر دوو لایەن واژۆی دەکەن کاتییە و مەوداکەی کەمە، هەر ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی کەسی خاوەن کار بە دڵ بەخوازی خۆی و مەرامی خۆی مامەڵە لە تەک کرێکاردا بکات و زۆربەی مافە ڕەواکانی کرێکار بۆ خۆی زەوت کات و کرێکاریش لە ترسی لە دەست دانی کار و بێ کار نەبوون لە ڕووی ناچاری و بە زۆری ویژدانی خاوەن کار، داخوازی و مافەکانی خۆی پێشێل دەکات و ماف خوراو دەبێت.
ساڵانێکە دەنگی کرێکار کپ کراوەو چی دیکە هەواڵی داخوازی و پێداگری لە مافی کرێکار لە لایەن سەندیکاکانی کرێکاری و شۆراکانی کارە وە نابیسترێت و شۆرای باڵای کاریش بە کەیفی خۆی بە بەرچاوی ڕاگەیندنەکان و چالاکانی کۆمەڵایەتی و مەدەنییەوە گەمە بە مافی کرێکاران دەکات و کەسیش بەر پەرچی چالاکی و ئەرکیان نابێتەوە، تکایە با ئەگەر گرنگی بە ژیانی خۆمان ئەدەین و ئاسایش و بەختەوەری ئارەزومانە با دەنگی کرێکار بین و گرنگی بە ژیانی کرێکاران و داخوازیە ڕەوا کانیان بدەین. پیرۆز بێت ڕۆژی کرێکار.