لاڤیا و خەونی فڕین!

فرهاد محمدجانی

 

لە هەل و مەرجی ئێستادا کە دنیای مەجازی بەسەر تەواوی ژیانی مرۆڤدا زاڵ بووە، بە گشتیی هەموو وڵاتانی دنیا بۆ چاپی کتێب و خوێندنەوە ڕێکلام دەکەن و خەڵکانی خۆیان هان دەدەن ئاوڕ لە کتێب بدەنەوە. ئێمەی کورد ڕەنگە لە هەر دوو لایەنەوە(هان دان بۆ خوێندنەوە و نووسین) تووشی خەسارێکی گەورە بووین. بە پێی زانیارییەکان ساڵانە ۳۰۰ تا ٤۰۰ کتێب لە ئە‌م بەشەی کوردستاندا لە چاپ دەدرێت. ڕەنگە قەیرانی خوێنەر و دەنگ لەوەوە سەرچاوە بگرێت کە هەم دەنگمان کەمە و هەم بەردەنگ، بۆیە بۆ پڕ کردنەوەی ئەم بۆشاییە دەبێت فارس گوتنی، قەڵەم فەرسایی بکەین. کاکڵی باسەکە: کۆمەڵە شیعری “لاڤیا” بەرهەمی «هەستیار ڕۆستەمی» تازە لە لایەن ناوەندی «گوتار»ەوە لە چاپ دراوە و پاش خوێندنەوەیێک دەمەوێت بە کورتی ئەو دیوی نادیار و حەشاردراوی شیعرەکە بهێنمە ئاراوە.
شاعیر لەم کۆمەڵە شیعرەدا هەوڵی داوە ئاوڕێک بداتەوە لە کەڵکەڵەکانی نێو کۆمەڵگا و ژیانی نەوەی تازە پێ‌گەیشتوو.
شار، کچ، ژن، پیاو، دنیای مەجازی، سیاسەت، شەڕ و هتد بەشێکن لەکەڵکەڵەکانی شاعیر کە دواتر دەبنە هەوێنێک بۆ دانانی شیعر. هەرچەند بۆ نموونە شەڕ وەکوو دیاردەیەک لە ژیانی سەردەمی شاعیردا دەور ناگێڕێت بەڵام لە ژیانی ئەودا حوزوری هەیە. لە شیعری مەمنووعییەت‌دا دەڵێت:

“شەڕ نەبێت تی‌ڤییەکان خامۆشن”

مرۆڤ هەمیشە لە دەستکردەکانی خۆی چێژی بردووە و ویستوویەتی لە ڕێگای ئافراندنەوە بە ئامانجەکانی بگات. شەڕیش کەرەستەیەکە بۆ گەیشتن بە خەونەکانی مرۆڤ. شاعیر دەیەوێت بە بەردەنگ بڵێت؛ شەڕ بوونی هەیە، پێویستیی مرۆڤە و کراوە بە تەوقێک و لە ملی ئینسانیان کردووە. ئێمە لە نێو فولکلۆریشدا هێناومانە و تازە ویستوومانە لە ئاستی پیسی و ناحەزی شەڕیش کەم بکەینەوە؛ «شەڕ لە بێکاری باشترە!».
ڕەنگە کوژانەوەی شەڕەکان ئاواتی زۆربەی مرۆڤ و نووسەران بووبێت، بەڵام لە کۆمەڵایەکدا کە شەڕ ڕێگە نەجات بێت، ئەستەمە ئەم پەتایە بەرمان بدات. بۆیە بە گژا چوونی شەڕ، یانی مرۆڤ دۆستی و بانگەوازیی بۆ ئاشتی.
لە لایەکی دیکەوە فەزای مەجازی و کەرەستەکانی پێوەندیی گرتن یەکێ‌ترە لە کەڵکەڵەکانی شاعیر.

“فەزای مەجازی خراپە؟
بەس نییە مەجازی ماچێ کەی”

ئەم شێوە ڕووبەڕوو بوونەوە بەرانبەر بە فەزای مەجازی و عیشق ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگری کۆمەڵگای خۆمانە. دیارە هێڵەسوورەکان لێرەدا (خۆشەویستیی) تەنیا تایبەتیی بە ژن نییە و بۆ پیاویش هەر هەمان دۆخە.

“فەرهادترم
تۆ شیرین نیت
بە هەر بارێکا مەجنوونت ئەبم
تۆ هەر لاڤیای
تۆ جگە لە من پشیلەشت خۆش ئەوێ”

لاڤیا لە نێوان نەریتی کۆمەڵگای نێرسالار و مۆدێرنیتەی بەکرێ گیراوی بەرهەمی فەزای مەجازی گیری کردووە و شاعیریش تووشی پاڕادۆکسێ بووە و بە گازەندە‌ و تەوسەوە دەڕوانێتە کولتووری نوێی کۆمەڵگاکەیەوە. کە واتە لێرەدا ڕۆشنبیر یان شاعیر پاش کۆمەڵگا کەوتووە و تەنیا دەتوانێت ئێستای کۆمەڵگا ببینێت و چاوەڕوانیی کردەوەی مرۆڤە بۆ شیی کردنەوەی.

“لە ژێر پێستم بەو لاوە
تان و پۆکانی ژنیەتی تیایە
لە ژێر پێستم بەو لاوە
تۆی تیایە و شیعرێ”

لە ناخی شیعری(نهێنی)دا شاعیر نەک بە ئاشکرا بەڵکوو بە نهێنی باس لە یەکسانی ژن و پیاو دەکات، ئەم بابەتە دەسلمێنێت وەکوو نموونەیەک لەم کۆمەڵگادا و بە تایبەتی ڕوشنبیران بە گشتیی، هێشتا قایل بە مافی ژن نین.
لە شیعری “من ئەم عەسرە” شاعیر تەوەرێکی دیکە دەخاتە بەر دەم خوێنەر؛

“ئێجگار خۆش ئەبوو
ئەگەر سیاسەت
بە واکسەنی فەلەجی ئەتفاڵ
ئەنفال ئەکرا”

شاعیر لێرەدا ئیدی ناتوانێ خۆی لە توێی وشەگەلی ئێرۆتیکدا بشارێتەوە؛ ئەو وەکوو مرۆڤیکی جیهانی سێهەمی لەگەڵ سیاسەت ڕووبەڕوو دەبێتەوە.

“لەشت لە کەوا کەما جێ ماوە
هەرچی لە ماشێنی جلشۆرییدا سووڕی ئەدەم
زریکەی ژنێک ئەبیسم”

لاڤیا New Woman نییە و دیارە کەڵکەڵەکانی شاعیریشی نییە! دیارە لاڤیا وەکوو زۆربەی ژنان و کچانی کۆمەڵگاکەمان مافی خۆی ناناسێت و تەنیا دەبێتە مەڵغەمەیەک لە ئاواتە بەدیی نەکراوەکانی. ئەم چارەنووسە لە ڕومانی “گرەوی بەختی هەڵاڵە”دا بۆ هەڵاڵە دیاریی کراوە. لە وڵاتێکی پیاوسالاردا مافی خۆیشت بناسیت بە تەواویی، دەروازەی ڕزگاریی کراوە نابێت بۆت. بۆیە لێرەدا هەڵاڵە دەتوانێت ئاوێنەیەک بێت بۆ لاڤیا. لە نیهایەتدا لاڤیا جگە لەم دێڕە کە شاعیر هۆنیوەتەوە نییە

“هەموو مناڵیت بە خولیای فڕینەوە گەورە کرد”

لاڤیا و هەڵاڵە تابلۆیەکن لە ژنان و کچانی کۆمەڵگای پیاوسالاری کورد و هێشتا بۆشاییەکی پان و بەرین لە نێوان ئەو دوو نوێنەرە و تاقمێکی دیکە لە ژنان و کچانی ئەم وڵاتە‌دا هەیە. بەشێک لەم بۆشاییە بە ناسینی مافی خویانەوە پڕ دەبێتەوە.
بە گشتیی لەم کۆمەڵە شیعرەدا باسی ژن تەوەری سەرەکییە بەڵام ڕەنگە شاعیر نەیتوانیوە خۆی ڕوون بکاتەوە کە مافی ژن بپارێزرێت یان نە! ڕەنگە ئەمە ڕووبەڕوو بوونەوەی کۆمەڵگای پیاوسالار نیشان دەدات کە نەیتوانیوە خۆی لەگەڵ مافی ژن‌دا ڕێک بخات.
شاعیر گێڕانەوەیەکی خەتی هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا ناوەرۆک و پرسیارەکان دەچێتە نێو بازنەی بەرەی چوارەوە بۆیە تووشی سەر لەشێواویەک بووە. لە بواری زمانەوە، زمانێ ڕەوان و جار و بار پێچ و پەنای شاعیرانەی تێدایە، بەڵام تازەگەرییەک یان ئیتفاقێکی شیعری ڕوو نادات؛ هەر چەن خەیاڵ و هەستی ناسکی شاعیر دەستە واژەگەل و تەعابیری جوان و وێنەگەلی شازی خولقاندووە.

مطالب مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا