ڕووداوە مێژووییەکان؛ ١٧ی جۆزەردانی ١٣٠٥ی هەتاوی

٩٣ ساڵ پێش و لەم ڕۆژەدا نووسەر و شاعێری ناوداری سەقزی، «مەلیکولکەلامی مەجدی» لە شاری تاران کۆچی دوایی کرد.

میرزا عەبدولمەجید کوڕی میرزا کەریم، سەر بە بنەماڵەیەکی خوێندەواری شاری سەقز بووە و پاش تەواوکردنی قۆناغەکانی خوێندنی سەردەم بە هۆی لێ‌هاتوویی و بەهرەی سروشتی لە ئەدەبیات و ئینشای فارسی‌دا ناوی دەرکرد و ماوەیەکی زۆر سەرنووسەر(کاتب)ی حوکمدارانی کوردستان بووە.

میرزاعەبدولمەجید «مەجدی» کردبووە ناونیشانی شێعری و لە لایەن ناسرەدین‌شای قاجاڕیشەوە نازناوی«مەلیکولکەلام»ی پێ بەخشراوە. مەجدی بە نیازی پەروەردە کردنی منداڵەکانی و ڕۆیشتن بەرەو ئوروپا بە ماڵەوە چووە تاران. بەڵام بە هۆی دەست پێکردنی شەڕی یەکەمی گیتی، ئەم سەفەرەی دوا دەکەوێ و تا دوایین ساتەکانی ژیانی لە تاران دەمێنێتەوە و لە ئارامستانی ئاوئەنباری قاسم خانی تاران ئەسپەردە دەکرێت.

مەلیکولکەلامی مەجدی بێجگە لە دیوانێکی گەورەی شێعری بە سێ زمانی فارسی، عەرەبی و تورکی کە ساڵی ١٩١١ز چاپ کراوە؛ تەنیا یەک پارچە غەزەلی بە کوردی داناوە و چەند بەرهەمێکی دیکەشی لە بواری ئایینی و ئامۆژگاری و سەفەرنامەوە نووسیوە. غەزەلە کوردییەکەی مەلیکولکەلامی مەجدی بەم بەیتەوە دەست پێدەکا:

لە دوولا زوڵفی لەولاوە لەسەروی قامەت ئاڵاوە

خەم وپێچی هەموو داوە، چ لەملاوە چ لەولاوە

مطالب مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا