کێن ئەوانەی ئاگر لە جەستەی نیشتمان بەردەدەن؟!!

سووتاندنی شوێنە تایبەتەکان و ئاگر لە سروشت بەردان،ساڵ بە ساڵ پەرە دەستێنێ وبەردەوام ڕوو لە زیادبوونە. ئەم دیاردەیە هێنده دووپات بۆتەوە کە بەداخەوە خەریکە لە بەر چاوی خەڵک و کۆمەڵگا ئاسایی دەنوێنێ. سەرەتا ئەم کارە دزێوە وەرزێڕەکان کردیان و بە بیانووی ئەوەی کە دەیانەوێ مەزراکانیان لە گیای بژار و بێ کەڵک بۆ ساڵی داهاتوو پاک بکەنەوە، ئاگریان لە جاڕ و پەرێز و مێرگ و قەد و لاپاڵ بەردەدا. ئەوان بەو کارەیان ساڵانە هەزاران گیانلەبەری بەستەزمانی بێ دەرەتانیان دەسووتاند و بەستێنێکیان بۆ خەڵکانی دژە سروشت دەڕەخساند که بە ناوی پاک کردنەوەی زەوی و بە پاساوی لە کۆنتڕۆڵ دەرچوونی ئاگرەکه بەشێکی زۆر لە سروشت بسووتێنن. پاش چەند ساڵ دەرکەوت کە ئەم کارە خێرێکی بۆ کشتوکاڵ پێوە نییە و بە خۆشییەوە بەردەوام ڕووی له کەمبوونەوە کرد. هەروەها بەناوی پارێزگاری لە ژیانی مارومێرو وخشۆک و گیاندارانی پەرێز و جاڕەکان، ئەم کارە سەرکۆنە کرا. هەنووکە بەداخەوە سووتاندنی لێڕەوار و دارستان و پارکی سروشتی و کێوە بە دیمەن جوان و دڵڕفێنەکانی شارەکان بۆتە دیاردەیەکی دزێو و ناشیرین کەهەموو هاوینێک لەشی نیشتمان زاماردەکا. لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە گۆڕێ کە:کێن ئەوانەی دەبنە هۆی ئەم ئاگر کەوتنەوانە؟

ئا:خۆشەویستی سروشت لە نیشتمانپەروەرییەکی تۆکمە و لۆژیکییەوە سەرچاوە دەگرێ. واتە تاکی نیشتمانپەروەر کاتێک ئەم ناوەی دەخرێتە سەر کە بە گیان و دڵ دار و بەرد و خاک و ئاو و ئاژەڵ و مار و مێرو و گوڵ و گوڵزار و تەنانەت دڕکستان و زەلکاو و زۆنگ و هتد نیشتمانەکەی خۆش بووێ. ئەگینا نیشتمان خۆشەویستی چ واتایەکی دەبێت؟

ئاخۆ نیشتمان جیا لەم ئاو و خاک و گیاندار و شاخ و بەرد و سروشتەیه که مرۆڤ وەکوو زێد و مەوتەن تێیدا دەژی؟ ئەم خۆشەویستییه چۆن لە دڵ و دەروونی تاکی کۆمەڵگادا دروست دەبێ؟

هەر وەکوو گوتمان نیشتمانپەروەر کەسێکە کە بە خۆشەویستییەوە لە سروشتی زێدەکەی دەڕوانێ و هەمیشە خزمەتکاری زێدەکەیەتی. ئەم خۆشەویستییه یەکێک لە توخمەکانی پێکهێنەری کەسایەتییە، کە لە ڕێی پەروەردەوە لە ڕۆح و دەروونی تاکدا چەکەرە دەکا و سەوز دەبێ. بەڵام ئەم توخمە لە دڵ و دەروونی زۆربەی تاکەکانی کورددا نییە و هەستی سروشت خۆشەویستی غەوارەیە. ئەو کۆمەڵگایانەی کە بە هۆی شەڕوشۆر و توندوتیژی وداگیرکراوی ودەیان ئاوەڵناوی ترەوە لە بارودۆخێکی ناجێگیر و سەقامنەگرتوودان،چەمکی نیشتمانپەروەری تەنیا بۆ پاراستنی نیشتمان لە دەست داگیرکەر و نەتەوی هاتۆتە ئاراوە و سەر و خوێن بەخشین لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی بووە و تاکی نیشتمانپەروەر هەموو ژیانی بۆ ئەمە تەرخان کردووە. هەربۆیە ڕەنگە بە کەموکورتی زانیبێ کە باس لە سروشت و دار و بەرد وئاژەڵ و کیسەڵ و گیا و گژی نیشتمانەکەی بکا و وا پەروەردەکراوە کە تەنیا بەرگری کردن لە خاک و نیشتمان بە کردەوەی شیرانە بزانێ. کاتی ئەوە هاتووە کە بۆ هەموو ئەو چەمکانەی کە ساڵانێکی دوور و درێژە لە سەر زار و زمانمانن ، پێناسەیەکی تازەبکەین و شان بە شانی پێناسە تازەکان بۆ هەر چەمکێک بڕۆینە پێش.

لە لایەکی تریشەوە سیستمی پەروەردە کە بەهێزترین پێکهاتەی کۆمەڵگایە بۆ پەروەردەی شارۆمەند و تاکی وشیار ، لە باتی ئەوەی بە شێوەیەکی فەرمی بۆ ئەو پەروەردەکردنە هەوڵ و تێکۆشانی ببێ ، بە شێوەی سەقەت و ناتەواو ئەرکەکانی خۆی بەڕێوە دەبا و لە بارهێنانی تاکێکی ساغ و نیشتمانپەروەر بە هۆگەلی جۆراوجۆر خۆدەبوێرێ. ئەوە قوتابخانەیە کە دەبێ هەوێنی سروشت خۆشەویستی بخاتە دەروونی قوتابیانەوە و شێوەی پاراستنی سروشت بە هەموویان فێر بکا و لەو ڕێگایەوە کۆمەڵێکی سروشتخواز و پارێزەری نیشتمان دروست بکا. ئەگینا سروشت لە بەر چاوی تاکی کۆمەڵگا جیا لە دار و بەردێکی ڕەقوتەق و بێ ڕۆح هیچی تر نابێت. بۆ ئەوەی سروشت و سروشت خۆشەویستی نەکەوێتە پەراوێزەوە، سیستمی پەروەردە دەبێ پلان و گەڵاڵەی تایبەتی بۆی هەبێ و بە جۆرێک لە بەر چاوی قوتابی شیرین بکا کە زیندوومانەوە و ساغبوون و ئارامی خۆی بە سروشتی هاوشێوەوە ببەستێتەوە.دەبێ کتێبە دەرسییەکان دەیان چیرۆک و بابەتی سروشت خۆشەویستی تێدا بگونجێ و قوتابی لە سروشتێکی پاک و خاوێن و زیندوودا کەسایەتی خۆی ببینێتەوە. نووسەران و شاعێران و دەرهێنەرانی فیلم و بە گشتی هەموو ئەو کەسانەی کە بە جۆرێک دەتوانن لە سەر پەروەردە و دروست بوونی کەسایەتی تاکی کۆمەڵگا شوێندانەر بن ، سروشت خۆشەویستی بکەنە هەوێنی کارەکانیان.

بنەماڵەش دوای سیستمی پەروەردە پێکهاتەیەکی بەهێزی ترە کە دەتوانێ لە سەر تاک شوێنی بەر چاوی هەبێ. دایکان و باوکانی سروشت خۆشەویست لە هەموو ئاکار و کردەوەکانیاندا دەتوانن منداڵەکانیان بە شێوەیەک بار بێنن کە شیاوی شارۆمەندێکی بە تەواو مانا بێت. شارۆمەندی ساغ دەستکردی بنەماڵەی ساغ و پەروەردەی ڕێکوپێکە…

 

نووسینی: ئیبراهیم ئیسماعیل پوور (شەماڵ)

مطالب مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا