یادێک لە مامۆستا عەبدولکەریمی سائیب (زاری)

گه‌وره پیاوێکی بیانیی ئه‌ڵێ کورد ھه‌ر ھه‌موویان شاعیرن !
ئێمه بڕێکی لێ ئه‌قرتێنین و ئه‌ڵێین کورد ، شاعیریان زۆر بووه و زۆره .
یه‌کێ له شاعیران و ناودارانی ناوچه‌ی فه‌یزوڵڵابه‌گیی ، مامۆستا مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی سائیب ، ناسراو به “زاری”یه .
مامۆستا، ساڵی ۱۹۰۵ له گوندی ئاڵکه‌ڵوو چاوی بە دنیا ھه‌ڵێناوه و بۆ خوێندن زۆر شوێن گه‌ڕاوه ، تا یه‌کێ له ئاغایانی فه‌یزوڵڵابه‌گیی به ناوی فه‌یزوڵڵاخانی فه‌یزنژاد ، کوڕی عەزیز خانی ساعیدولمه‌مالیکی ئاره‌بوغڵووی سه‌روو ئه‌یباته لای خۆی و ئه‌یکاته پێش‌نوێژی ئه‌و گوندە و زه‌مینی ئه‌داتێ و کشت و کاڵی تیا ئه‌کا و تا کۆتایی ته‌مه‌نی واته ساڵی ۱۹۸۲ له‌وێ ئەحەوێتەوە و ئه‌مێنێته‌وه .
له شیعرێکی فارسییدا ئاوا ھۆکاری ھه‌ڵبژاردنی نازناوی «زاریی» باس ئه‌کا :
چنان آشـــــــــــفته و زار و نزارم
كه بر خود نام «زارى» مى‌گذارم
مامۆستا زۆر پیاوێکی ژیر و خوێنده‌وار و خه‌ڵکیی و ڕه‌فێق‌دۆست بووه .
له‌گه‌ڵ زۆرکه‌س نامه‌گۆڕینه‌وه‌ی بووه و زۆر شیعری بۆ ھاوه‌ڵانی خۆی ھۆنیوه‌ته‌وه و بۆ ناردوون .
له‌م یادداشته کورته‌دا زۆر به‌خێرایی ئاوڕێ له دیوانه‌که‌ی ئه‌ده‌مه‌وه ، که ئه‌بێ زیاتر وه‌ک ناونیشان دانێ بێته ھه‌ژمار .
ڕه‌نگه بۆ وه‌ختێکی تر پتر باسی شێعره‌کانی بکه‌م .
له شیعرێکیدا که لە وەڵامی عه‌لی خانی به‌یگزاده‌ی بابامیریی دا نووسیویه‌تی ئه‌ڵێ :
“وام زانی من که ئه‌و نامه له جه‌ننه‌ت ھاته خوار
چون به جارێ پایزی کردم به گوڵزاری به‌ھار ”
بۆ مه‌لا شێخ محه‌مه‌دی ھه‌ڤاڵی که پێش‌نوێژی زه‌نبیل بووه ئه‌نووسێ :
“ئه‌ی بادی به‌یانیی وه‌ره سا مه‌ردی خودا به
وه‌ک خزری موباره‌ک نه‌فه‌سێ عوقده گوشا به
ئه‌م نامه‌یه بگره به ئه‌ده‌ب بیبه‌ره زه‌نبیل
بۆ ده‌فعی غه‌می خاترم ئه‌م ده‌فعه ده‌وا به ”
ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌مه‌ندیی شاعیر ، له خوێندنه‌وه‌کانی‌یه‌وه سه‌رچاوه ئه‌گرێ . خوێندنه‌وه‌ی سروشت ، ژیان ، مێژوو ، شیعر ، چیرۆک و زۆر شتی‌تر. شاعیر وه‌ک ھه‌نگ به جیھانی ده‌ر و ده‌رونییدا ئه‌گه‌ڕێ و ھه‌ڵاڵه ھه‌ڵئه‌گرێ و لە شانه‌ی مێشکیدا ئه‌یکاته ھه‌نگوینی شیعر و ھه‌تاھه‌تایه مرۆڤ چێژی لێ وه‌ر ئه‌گرێ .خۆ ئه‌گه‌ر دنیای تێگه‌یشتوویی و جوانیناسیی و گه‌ردوونی ئه‌ندێشه‌ی ھه‌رچه‌ند به‌ربڵاوبێ ، به‌ڵام وشه‌دانی به‌رته‌سک بێ ، ناتوانێ شاکارێ بوخولقێنێ و به پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر وشه‌دانی ده‌وڵه‌مه‌ند بێ کایه به زمان زۆر له لای ئاسانه و ئه‌توانێ دەربڕینێکی ڕه‌نگین و زه‌نگین و سه‌نگینی ببێ .
تماشای ئه‌م به‌یتانه که‌ن که سه‌ر به شێعرێکن که بۆ «حه‌مه‌خانی سه‌لیمی بابامیریی» کوڕه‌زای حاجی سه‌رتیپی تیکانته‌په نووسیویه‌تی :
له خوشیی تۆیه گیانه‌که‌م ، زمانه نوکته‌زانه‌که‌م
ته‌بیعه‌ته ڕه‌وانه‌که‌م ، ڕمووزه‌که‌م ، به‌یانه‌که‌م
ته‌رتیبی نه‌زمه جوانه‌که‌م ، میداده دوڕفیشانه‌که‌م
عیباره‌ته عه‌یانه‌که‌م ته‌رانه ئاشقانه‌که‌م
به ئاشنا و ئه‌جنه‌بی شه‌رابی خۆشگه‌وار ئه‌دا!
ھه‌ڵبژاردنی ئه‌و کێشه شاد و کرژه ده‌سه‌ڵاتی شاعیر سنووردار ئه‌کاته‌وه و ئه‌مێنێته‌وه ده‌سمایه‌ی شاعیر که بتوانێ له‌و جه‌غزه به‌رته‌سکه‌دا ھونه‌ری خۆی بنوێنێ ، کە ئەم نوادوویەتی .
«زاریی»ی له‌م بواره‌دا گۆی واژه‌زاینی بردۆته‌وه و ئاوا له‌و گۆڕه‌پانه‌دا ته‌ڕاتێن ئه‌کا :
ساقی به جامێ باده‌وه /به زولفی تاب داده‌وه/ به خاڵی موشک زاده‌وه/ به ته‌لعه‌تێکی ساده‌وه / له بورجی شاهزاده‌وه/ به ئه‌برۆیی گوشاده‌وه/ به داوی موشکساده‌وه/ به گه‌رده‌نی بیجاده‌وه/ له جاده‌وه به باده‌وه / زینه‌تی لاله‌زاره دێ
ـ ( خاڵی موشک زاده ) به خاڵێک ئه‌ڵێ که له موشک یا میسک به‌رھه‌م ھاتووه. دیاره میسک دوو تایبه‌تمه‌ندی به‌رچاوی ھە‌یه. یه‌ک ، ڕه‌نگه‌که‌یه‌تی که ڕه‌شه ، دوو، بەرامه‌که‌یه‌تی که زۆر خۆش و دڵڕفێنه و له ھه‌مان کاتیشا زۆر ده‌گمه‌نه.
ـ ( داوی موشکساد ) دا‌و ھه‌م به مانای ته‌ڵه‌یه ، ھه‌م به داوێن ئه‌ڵێن که ڕه‌نگه شاعیر لێره‌دا ھه‌ر واتا‌ی داوێنی مه‌به‌ست بووبێ .
«موشکساد»یش ته‌عبیرێکی فارسییه . ««ساد» واته تێ ساوراو . واته به میسک داوێنی بۆنخۆش کردووە .
دیاره شاعیر مه‌به‌ستی ئه‌وەشی بووه که ناڕاسته‌وخۆ یاره‌که‌ی به ئاسکی چین و تاتار بچوێنێ و بڵێ وه‌ک ئاسکێکە که داوێنی میسکی تێدایه .
ـ ( بیجاده ) چه‌شنه موروو و زه‌نگیانه‌یێکه که ھه‌موو ڕه‌نگێکی ھه‌یه و ڕه‌شه‌کەی به‌ناو بانگه .
لێره‌دا وا دیارە شاعیر بریقه‌داربوونی گه‌ردنی یاره‌که‌ی به بیجاده چواندبێ .
له کۆپله‌یه‌ک له پێنج خشته‌کییه‌کدا و ئه‌و ھه‌موو سه‌روا و پاشڵه ! نیشانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی زافی شاعیره .
«زاریی» زۆر قاڵبی شیعریی تاقیی کردۆته‌وه . غه‌زه‌ل ، قه‌سیده ، ته‌خمیس و پێنج خشته‌کیی، چوارینه … ھتد .
ماڵم قه‌بره له زۆریشیانا باش دره‌وشاوه‌ته‌وه . ھه‌روەھا شیعری فارسیشی ھه‌ن .مامۆستا له به‌کارھێنانی واژه و کرداری ناوچه‌یی (ناوچەی فه‌یزوڵڵابه‌گیی و جارجار نزیک له ھه‌وشار ) نه‌پرینگاوه‌ته‌وه :
ئیلاھیی بمخه سه‌ر ئه‌و ڕێگه ڕاسه بڕۆم پێدا ھه‌تا ئاخر ھه‌ناســــــــــه
) ڕاسه له جیات ڕاست (
به سه‌یری باغ فریبم مه‌ده له سه‌یری خۆت
بڕوانه که ھه‌ر له‌حزه دووسه‌ت دێ ، یه‌ک «ئه‌ڕۆت»
عیبره‌تگه‌ھه ئه‌م مه‌نزه‌ره ئه‌ی «زاریی» بۆ کەسێ
بە ئاوی سافی ھۆش ده‌م و چاوی «بشۆت»
(ئه‌ڕۆت ) واته ئه‌ڕوات ،
(بشۆت ) واته بشوات .
له ڕۆژێکۆ موژه‌ت ته‌دبیری قه‌تڵی ئاشقانی کرد
منی بێ‌دڵ خه‌ریکی کفنم و ته‌رتیبی تابووتم
(له ڕۆژێکۆ ) له جیاتی له رۆژێکه‌وه
زاریی ئامۆژگاریی واکردی
تۆ ببیسی، نه‌بیسی زامن نیم
(ببیسی ) له جیات ببیستێ
یا :
زسانی بێ‌مرووه‌ت ھه‌ڵمه‌تی ھێنا و ئه‌شکێنێ
له باغی پیاوه‌تییدا سه‌روه‌کانی دڵگوشا . ده‌م ده‌م
(زسان ) له جیاتی زستان .
یا :
خودا بۆچی نه‌کریا بینێری وه‌ک نووسیبووی
دوو سێ شیعرم بۆ نووسی نه‌کرا ئێسه بینێرم
(نەکریا ) و ( ئێسە )
به پێی ئه‌وه‌ی «زاریی» مامۆستای ئایینی بووه زۆر شیعری له په‌سنی خوا و پێغه‌مبه‌ردا داناوه و زۆر جاریش شیعره‌کانی ئه‌چێته خانه‌ی ئامۆژگاریی کردنه‌وه :
مه‌چۆ ڕێزی ڕزیوی که‌چ خه‌یاڵان / ببیسه مــــــــۆژگاریی پڕ کەماڵان / به بارھێنانی به‌عزێ بێ‌دڵ و گوێ/ مه‌ده نه‌قدی حه‌یاتی خۆ به تاڵان
له شێعرێکی تردا ئه‌ڵێ :
نه‌بوو دنیا که‌سێ دانێ له‌سه‌ر ته‌خت / دوو سێ رۆژێک و پشتی تێ نه‌کا سه‌خت / به سیحری ساحیریی وا غه‌ڕڕه نابێ/ مه‌گەر ئینسانی نائینسان و به‌دبه‌خت
له دووریی ته‌لعه‌تی ئه‌و یارمانه/ من و نه‌ی تا سـه‌حه‌ر ھاوارمانه
ـ یارمانه واته: یارەمان
له دووریی ته‌لعه‌تی ئه‌و یاره‌مان!
لە زۆر ڕوانگەی دیکەیشەوە ئەکرێ باس لەم دیوانە بکرێ کە لەم یادداشتەدا جێی نابێتەوە .
له کۆتاییدا ئه‌بێ دووباره‌ی که‌مه‌وه ئه‌م نووسراوه‌یه وه‌ک ئادره‌س دانێ بوو بۆ ئه‌وانه‌ی ئه‌ھلی خوێندنه‌وه‌ن و ڕه‌نگه سه‌ری باخه‌که‌ی زار‌ییان نه‌دابێ .
به‌و ھیوایه‌ی ئاوڕ له شاعیران و نووسه‌رانمان بدەینە‌وه و نەهێڵین گه‌ردی فه‌رامۆشیی روخساری که‌شکۆڵ و دیوانه شیعرییه‌کانمان بگرێت و لانیکەم ھه‌ر وه‌ک وه‌فا ، به‌ری ره‌نج و چرۆقاندنه‌وه‌ی زانایان و مامۆستایانی گه‌له‌که‌مان له یاد نه‌که‌ین .