۴ی خەزەڵوەری ۱۲۹۶ی هەتاوی ـ ۲۶ی ئۆكتۆبری ۱۹۱۷ی زایینی

ئه‌نوه‌ر مه‌عریفه‌ت: ١٠١ ساڵ پێش ئێستا و لە ميانەی شەڕی یەکەمی جيهانی و لە كاتێک‌دا هێزەكانی سپای ڕووسیەی تزاری چەند ناوچەیەكی كوردستانی تورکیە و کوردستانی ئێرانیان داگيركردبوو، لەم ڕۆژەدا شۆڕشی كرێكاریی ئۆكتۆبر بە ڕووخاندنی حكوومەتی تزارەكان لە رووسيە سەركەوتنی بە دەست‌هێنا.

 

سەركردايەتی نوێی سياسی و جەنگی ڕووسيە لە مانگی دێسامبردا پەيمانی دەست هەڵگرتن لە شەڕ(تەرکی موخاسەمە)يان لە گەڵ دەوڵەتی عوسمانی و ئاڵمان مۆر کرد و هێزەكانيان لە بەرەكانی شەڕ ئاگادار كردەوە بگەڕێنەوە كە لەم سەر و بەندەدا شارەكانی سەقز، بانە، بۆكان، سابڵاخ، خۆی، سەڵماس، ورمێ، سنە، كرماشان و هەموو ئانادۆڵی ڕۆژهەلاتيان خستبووە ژێر كۆنترۆڵی خۆيان.

 

دوای بڕياری گەڕانەوە، هێزەكانی قەزاق و ساڵداتی ڕووسيە سەقزيان چۆڵ كرد و بەرەو بۆكان و مياندواو كەوتنە ڕێ و پێش ئەوەی لە سنوورەكانی باكووري ڕۆژاوای ئێران بچنەدەرەوە، شارەكانی خۆی، سەڵماس و سابڵاخيان تاڵان كرد. كاتێكيش ئەرزنجانيان لە باكوور چۆڵ كرد، چەكەكانيان بۆ دانیشتووە ئەرمەنيەكانی ئەوێ بە جێهێشت.

 

هێزە داگيركەرەكانی ڕووسيە لە جەريانی چۆڵكردنی سنە و كرماشان ڕووبەڕووی مەترسیی و پەلاماری سوارەی عەشايەری كوردی ناوچەكە بوونەوەو بە مەبەستی پێشگرتن بەم مەترسییەش فەرماندەی ڕووسەكان دەست بە دامێنی شێخ محەمەدی مەردووخ بوو. ئەويش داوای لە سەردار ڕەشيد کرد پارێزگاریی ڕووسەكان بكا تا لە كوردستان دەچنە دەرەوە. ڕووسەكان هەروەها لە كرماشان بۆ پاراستنی خۆيان دەستەوداوێنی سەرۆك هۆزەکانی كەلهوڕ بوون. دوای گەڕانەوەی هێزە ڕووسییەکان بۆ وڵاتی خۆيان، عەسكەرەكانی عوسمانی هاتنەوە و تا كۆتايی شەڕی یەکەمی جیهانی و پەيمانی ئاگربڕ لە كوردستان مانەوە.

مطالب مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا