لە گەڵ سروە

خانی گێل

✍️مەهدی «ج»

دێر زەمانێک بوو، خانێک هەبوو زۆر دەوڵەمەند بوو، مەڕوماڵاتیکی زۆری هەبوو، بەڵام کەم ئەقڵ بوو. رۆژێکیان ئەم خانە گێلە کوڕەکەی بۆ کن خۆی بانگ کرد و پێی گوت:
– کوڕی خۆم بیستوومە لەم دەوروبەرەی خۆمان پیرەژنێکی دانا دەژی، من دەمەوێ گوێ لە ئامۆژگارییەکانی ئەو بگرم، بڕۆ بانگی بکە با بێتە ئێرە، بەڵام ئەم مەسەلەیە بە کەس مەڵێ.

کوڕە رازی بوو، بەڵام ئەم داخوازییەی باوکی لە پیرەژنەکە، بۆ هاوڕێکانی گێڕایەوە، کوڕی خان چوو بۆ لای پیرەژنەکە و سەرنجی دایە:
– ئۆی پیرەژنە داناکە، وەرە بۆ کن خان، داوای تۆ دەکات، چیت لە خان بیست بۆ ئێمەی بگێڕەوە.

پیرەژنەکە بۆ کن خان چوو، خان بەرووخۆشی‌یەوە دەستی بە سەر و ملی ماینەکەدا هێنا چونکە پیرەژنەکەی بە پەلە گەیاندە کن خان، پیرەژنە داناکە یەکسەر تێگەیشت ئەم خانە چ جۆرە پیاوێکە، پیرەژنەکە پێی گوت:
ئۆی خان، تۆ چاوەڕوانی ئامۆژگاری‌یەکانی من ئەکەیت، ئاوا گوێم لێ بگرە، ئەم ماینە کە تۆ بەباشی دەزانی، بیبەر کایەنەکە با تێر بخوا. جوانووەکەی ئازاد کە با تێر شیری دایکی بخوات و خزمەتی بکە و هەندێ لەو سەروەت و سامانە زۆرەی کە هەتە بە هەژارانی ببەخشە.

خان کە هەر گوێی لەم قسانە بوو تووڕە بوو، بە پیرەژنەکەی گوت:
من پێویستم بەم ئامۆژگاری‌یانه نیە، پێویستم بە شتێکە بمکاتە دانا.
ئەوجار پیرەژنەکە پێی گوت:
– خانی من، تۆ ئەگەر هەر شتێکی باش بکەیت، بۆ خۆت باش دەبێت و ئەگەر شتێکی خراپ بکەیت هەر بۆ خۆت خراپە… ئەو تفەیش کە بە ئاسمانا هەڵی دەدەیت بەرووی خۆتا دەکەوێتەوە.

خان زیاتر تووڕە بوو هاواری کرد:
راوەراوی چیتە پیرەژنە گێلەکە، ئەم قسانە هیچ دانایی‌یەکی تیانیە.

خان پیرەژنەکەی دەرکرد و بە ژنەکەی گوت:
– هەندێ خواردن بە ژەهرەوە کەو بۆی بکەرە توێشوویەک، وابێ بە دڵی بێت، بیەرێ با بیبات.

ژنی خان توێشووە ژەهراوی‌یەکەی ئامادە کرد و ناردی بۆ پیرەژن- لەڕێگا جارێکی‌تر بە کوڕەکەی خان گەیشت لەگەڵ پاڵەوانەکان خەریکی راوکردن بوو، کوڕی خان زۆری برسی بوو، پەلاماری توێشووی پیرەژنەکەی دا و فڕاندی و نای بە سەریەوە، هەمووی خوارد. دوا پارووی خواردونەخوارد یەکسەر کەوت و مرد، هاوڕێ‌کانی گەڕانەوە بۆ لای خان و حاڵ و مەیەلەیان بۆ گێڕایەوە. ئێستا خان لە مانای قسەکانی پیرەژنەکە گەیشت. ئەو کارێکی خراپی کرد، ئەم خراپی‌یەش بەم ناخۆشی و کۆسپە گەورەوە بۆ خۆی گەڕایەوە.

*سەرچاوە: گۆڤاری فەرهەنگی-ئەدەبی سروە، ساڵی حەوتەم، ژمارەی۵۹، جۆزەردانی ۱۳۷۰، لاپەڕەی ۵۷.

مطالب مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا