لەگەڵ سروە؛
پەلکە
✍️ژیلا حوسێنی
پەلکەکانی کردەوە، کاسەیەک ئاو لە تەنیشتیەوە بوو، شانەکەی تێ ژەند و هێنای بە قژیا لوول بوون … شانەکەیان تێ ئەگیرا. هێدی و لەسەرخۆ بەش بەشی کردنەوە. کردنی بە چوار قەف. جارجارە ناچار بوو شانەکەی لە گرێ پووچکەکان بگیرێنێ و بە یەک تەکان توند رایکێشێ… قژە لوولەکانی گرێ پووچکەشیان زۆر بوو.
بیری کردەوه لە کەیەوە سەری دانەهێناوە، رۆژێکە… مانگێکە .. یان ساڵێک؟
نا هەر ئەم بەیانییە بوو. گرێیەکی تری کردەوە. دەنەیەکی شانەکە شکا و لە گرێکەدا مایەوە… جارێکیتر شانەکەی تەڕ کرد. گرمۆڵەیەک قژی تەڕ و دەنەیەکی تری شانەکە لە یەک گیر بوون. جیای کردنەوە و لە ئاوەکەی خستن… بە دڵیاهات: “خۆزگە یان قژە سەرم خاو ئەبوون یان هەر نەئەبوون” و بزەیەکی تاڵی گرت.
_ ئەوەتە لە بیرمە ئەم ئاواتەم بووە…
دیسانەوە دەستی کردەوە بە شانە کردنیان… کاسەکە پڕ بووبوو لە گرێ پووچکە و دەنەی شانە. شانەکەش زۆر کەل ببوو. گرێ پووچکەکانی گرمۆڵە کرد و لە قەڵشتێکی دیواری حەوشەی خنی، تا نەکەونە ژێر دەست و پا، نەوەک ژانەسەر بکا. بیری کردەوه، ئەوەندەی لە بیری بێ قەد قژە سەری نەخستۆتە بەر دەست و پا، هەر لە کونی دیواری خنیوە… دایکیشی هەر وەها. کەچی ئەو بە ژانەسەرەوە سەری ناوە… ئەمیش دایمە سەری ژان ئەکا!
دایکی ئەیوت “بەختی دایک جیازی کچە” کەواتە ئەمەش لە دایکیەوە پێی بڕاوە… یانی ئەم میراتیە بە گۆڵێیش ئەگات؟…
یادی گوڵێ بوو بە هەناسەیەکی گەرم. .. زایەڵەی کەنینێکی گەش… هەورەکانی رەواندەوە… پاشان بوو بە کۆترێکی بچکۆلانە و بە گمە گم لەسەر دڵی نیشتەوە.
_ “ئەڵێن گوڵێ لە خۆم ئەچێ… منیش شێوەی دایکم ئەدەم” بیری دایکی کرد. هاتە ژوورەوە سەیرێکی ئاوێنەکەی کرد. سەری تەواو رووتابوەوە. نێو کاسەی ئاوەکە چەن لقە شانە و دوو سێ تاڵی درێژ و رەشی تیا مابوو.
_ کە واتە ئاواتەکەم هاتۆتە دی… کە خاو نابن با هەر نەبن…
چەن دڵی بە قژی خاوەوە بوو… بە درێژایی ژیانی هەناسەی بۆ هەڵکێشاوە…
تەزێک بە دڵیا هات و چاوەکانی بوون بە کانیاوێکی تەقیو… سەری گرت بەسەر کاسەکەدا و دڵۆپ دڵۆپ فرمێسکی تێڕشت. تاڵە قژەکان خاو ببوونەوە… وەکو مارێکی رەش و باریک خۆیان درێژ کردبوو. یەکێکیان بە کاسەکەدا هەڵگەڕابوو. ئەوەندەی لە ئاوەکە هاتبوە دەرەوە لوول بووبوەوە. دەستی بەسەر سەریا هێنا… ئیتر لوول نەبوو… قژی پێوە نەمابوو تا لوول بێ… بە پەلە سەرپۆشەکەی دا بە سەریا و هەتا نێوچاوانی داپۆشی و بە ئاسوودەیی هەناسەیەکی هەڵکێشا.
_ ئیتر دیار نییە… نە حەمە و نە گوڵێ پێم نازانن. ئاوێنەکەی هەڵواسیوە… کاسە ئاوەکەی سووک هەڵگرت و لەسەر رفەکە لای وێنەکەی باوکیەوە داینا.
_ خۆزگە وێنەی دایکیشم ئەبوو… یادی دایکی دڵی پڕ کرد… جارێکی تر لە ئاوێنەکەدا بە شوێینا گەڕا. سەرپۆشەکەی دڕابوو.
_ ئەبێ زیاتر بیپارێزم لە دووسێ لاوە دڕاوە… دایکی پێکەنی… پێکەنینێمی تاڵ… ئینجا فرمێسک هاتە نێوچاوی و پێی وت:
_ زۆرت ئاگا لێی بێ… ئەمە یادگاری دایکمە… لە سەرە مەرگا پێی داوم.
بیری کەوتەوە… ئەوەتەی چاوی کردۆتەوە ئەمەی بەسەر دایکیەوە دیوە. ئەیوت:
_ ئەنتیکەیە… ئیتر لەم سەرپۆشانە دەس ناکەوێ، باستریشی بازار نەۆاتووە. ئەمانەی ئێستا زوو کاڵەوە ئەبن.
بیری کردەوە
_هەتا ئەم سەرپۆشەی بە سەرەوە بوو… نەمزانی سەری رووتاوەتەوە. هەر سوێندی بە سەرە سپییەکەی ئەخوارد. منیش وام ئەزانی پرچەکانی دایکم خاو و سپین … بەڵام لە دوا هەناسەیا چاوم پێی کەوت… باوکم تێی خوڕی. بە سەری سپییەوع سەر رووت ئەکەی؟
دایکم پێ کەنی… کەنینێکی تاڵ… چاوەکانی پڕ بوون لە فرمێسک و لێوی خۆی کرۆشت. تێگەییشتم تووڕەیە… ئاخر دایکم هەرچی تووڕە بوایە بێدەنگ لێوی ئەکرۆشت و چاوەکانی پڕ ئەبوون لە فرنێسک، بەیانی پرسەکە، سەرپۆشەکەم دابەسەرما. ئیتر لەو کاتەوە بە سەرمەوەیە… لەو کاتەوە کە قژەکانم لوول و رەش بوون… تا ئێستا…
سەیرێکی وێنەکەی باوکی کرد. بە میهرەبانییەوە بۆی ئەروانی. وێنەی مێردەکەی مۆڕەی لێ ئەکرد بێ گومان حەزی ئەکرد تێی خوڕێ: ئەوە بەر ئاوێنە بۆ چۆڵ ناکەی؟… ئەڵێی گەورە کچی؟…
_ دایکم… بیری دایکم کردووە، ئاوێنەکەی بەجێ هێشت… دایکی رۆیشت …
هاتە حەوشە و سەیرێکی دیوارەکەی کرد… زۆربەی کونەکانی پڕبوون لە گرمۆڵە قژی رەش… هێشتا کونی چۆڵی زۆر تیامابوو…
تا دەستی گرت شانە کەلەکەی فڕێ دایە ئاوشێوەکە… کەوتە نێو گژوگیاکان و توند لێیان گیر بوو. ئینجا بێدەنگ لێوی خۆی کرۆشت و فرمێسکی رشت… و ئارام سەری کەوتە سەر شانی.
*سەرچاوە: گۆڤاری فەرهەنگی-ئەدەبی سروە، ساڵی دوازدەهەم، ژمارە ی ۱۲۵ و ۱۲۶، سەرماوەز و بەفرانباری ۱۳۷۵، لاپەڕەکانی ۵۵ و ۵۶٫