چەند پرسیارێک بۆ شانۆی “ئۆدیپ شاریار”[۱]
هەر چەشنە ئەدەب و هونەرێک کە بیهەوێ گەشەکردنی خۆی ببینێتەوە، ناتوانێ و نابێ خۆی لە ڕەخنە لابدات. بێگۆمان ڕخنەش تەنیا لە بەرهەمێک ئەگیرێت کە لە هەمبەر پێوانە هونەرییەکاندا چۆکی نەلەرزێ؛ ئەگینا خۆماندووکردن لە سەر نمایشتێک کە لە نێوان شانۆ و کایەیەکی میوانی وەک مافیا، سەرلێشێواو ماوەتەوە، یان نمایشتێک کە لە چەشنی گاڵتەجاڕییە (farce) بەڵام پێی وایە کۆمێدیە، هیچ سوودێکی نیە. پەرویز ئەحمەدی، فێرگەی شانۆی هێما و گرووپی ڕۆنیا بە جدی و ماندوونەناسانە خەریکی شانۆگەرین و هەر بەو بۆنەشەوە ئەبێ لە سەریان بنووسرێ؛ بەڵام بەداخەوە، چۆنکە شانۆ لە کوردستان بووە بە دیاردەیەکی ناوگرووپی و، تەنانەت لە میهرەجانی شانۆی کوردیشدا[۲]، هەر گرووپەکانن کە چاو لە شانۆی یەکتر ئەکەن، ڕەخنەی شانۆش لە ئاستی گفتوگۆی دۆستانەی نێو کافە لە نێوان ئەندامانی گرووپەکان ماوەتەوە. هیچ بڵاوکراوەیەکیش، نە کاغەزی نە دیجیتاڵ، نە تەنانەت لاپەڕەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، نیە کە تەرخان کرابێ بۆ ڕەخنەی شانۆ. ئەمە خەسارێکی گەورەیە و ئەبێ چارەسەر بکرێ.
با بچینە سەر باسی “ئۆدیپ شاریار”، شانۆگەرییەکی چالاک و پڕوزە کە هەلی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەقینە لەگەڵ تراژێدی یۆنانی بۆ بینەرەکەی ئەڕەخسێنێت و ئەو ئەزموونە ڕەسەنە دراماتیکەی ڕادەست ئەکا. ئەمەش سەرە ڕای ئەوەیە کە هەموو ئەمانە لە پلاتۆیەکی بچووک، لەگەڵ گرووپێک دەورگێڕی گەنج و بە کەرەسەی شانۆگەری کەمینە کراوە. بەڵام پێم وایە لەبەرچاوگرتنی چەند خاڵێک، یان وڵامی باش دۆزینەوە بۆ چەن پرسیارێک، یارمەتی “ئۆدیپ شاریار” ئەدات ئامانجەکەی خۆی باشتر بپێکێت. ڕەنگە پەرویز ئەحمەدی هەندێ وڵامی بۆ ئەم پرسیارانە لە لای خۆی ببێت، بەڵام هەڵسەنگێنڕاوترکردنی ئەم وڵامانە کاریگەری باشی ئەبێت لە سەر ئەم شانۆگەریە.
هۆکاری ئەوەی کە سێ دەورگێڕمان هەیە بۆ دەوری ئۆدیپ چیە؟ هەوڵ بۆ چ ئامانجێک ئەدرێت و ئایا وەدەست ئەکەوێ؟ ئەگەر مەبەست نواندنی جۆرە درزێکە لە دەروونی ئەم کەسایەتیە، ئەوە بە دوو دەورگێڕ باشتر ئەکرا، ئەویش بە مەرجی خۆی؛ ئەگەر ئەم سێقۆڵیکردنەوەی ئۆدیپ، هۆکارەکەی بە شێوەیەک ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنەی کە لەوێ باوکی خۆی کوشتووە (کە سێڕێگەییەک بووە)، ئەبێ بزانین ئەم “زیادکراوە”، لە باری مەعنا، یان لە باری کاریگەریی لەسەر بینەر، چ یارمەتییەک ئەدات بە ئامانجی سەرەکی شانۆکە. مەبەستم بە هیچ شێوازێک ئەوە نیە کە دەرهێنەری شانۆ بۆی نیە ئەم گۆڕانکاریانە بکات لە دەقە سەرەکییەکەدا، بەڵام بێگومان ئەبێ پاساوێکی فۆرمی هەبێت بۆ ئەوەی بزانین بە چ ئامانجێک ئەو گۆڕانکارییە کراوە و چۆناوچۆن ئەو ئامانجە بڕیارە وەدەست کەوێ. من،بەش بە حاڵی خۆم، پاساوی وەهام نەدۆزییوە. تەنانەت من پێم وایە، لە درامایەکی لە چەشنی تراژێدی یۆنانی، کە درامایەکی تاکەکەسگەرایە و هەموو پیلانی شانۆکە تیشک ئەخاتە سەر داڕووخانی کەسایەتیەکی گەورە لە لایەن خواوەندەکانەوە بە هۆی هەڵەیەک کە کردوویەتی (هامارتیا لە بۆچوونی ئەرەستوودا)، سێبەشکردنی ئەم کەسایەتییە لە نێوان سێ دەورگێڕدا و دابەشکردنی دیالۆگەکانی لە نێوان ئەو سێ دەورگێڕە، بووەتە هۆی ئەوەی حاڵاتی دەروونی ئەم کەسایەتیە پرشوبڵاو ببێتەوە و ، هەم دەورگێڕ و هەم بینەر، لە هەلی باشگۆزانەوەی ئەو حاڵاتە بێ بەش ببن. تەنیا دابەشکردنی دیالۆگەکانی یەک کەسایەتی لە نێوان سێ دەورگێڕدا ناتوانێ میکانیزمێکی مەعنایی و میزانسێنیی قورسوقایم ساز بکات بۆ دەربڕینی درزێک لە دەروونی کەسایەتیەکی شانۆیی؛ یان ئەگەر ئاماژەیەکە بە سێ ڕێگا، ئەم گۆڕانکارییە چ سوودێکی بۆ شانۆکە هەبووە؟ ئەگەریش مەبەست ئەوەیە پیشان بدرێ کە ئۆدیپ،بە شێوەی هاوکات، ڕۆڵی منداڵ، هاوسەر و شا ئەگێڕێت، دیسان ئەوەش بە دابەشکردنی دیالۆگ جێبەجێ نابێت و پێویسە بە شێوەیەکی گونجاو دەقەکە بگۆڕدرێت. بەڵام ئەگەر بمانهەوێ، لە ڕێگەی زیادکردنی ئەکتەر، جۆرە درزێکی دەروونی لەو کەسایەتیە نیشان بدەین، باشتر وایە ئەو ئەکتەرە زیادکراوە وەک کەسێکی وەهمی بمێنێتەوە و لەگەڵ کەسایەتیەکانی تری شانۆکە گفتوگۆی نەبێت؛ بەڵکوو تەنیا هەندێک دیالۆگی لەگەڵخۆ (soliloquy) یان لەگەڵبینەر (aside) بیڵێتەوە؛ یان دەرهێنەر هەندێ دیالۆگی جیاوازی بۆ ساز بکات کە لە دەقەکەدا نین و ئەویش بەوانە لەگەڵ ئۆدیپ بپەیڤێ.
لە دەقی سەرەکی شانۆکە، دوو کەسایەتی تیرێسیاس و شوان، و هەروەها دەستەی کۆڕبێژان، پیاون. لەم شانۆی ئێمەدا، ئەو دوو دەورە، دەورگێڕی ژن ئەیگێڕێت و دەستەی کۆڕبێژانیش زۆرینەیان ژنن. بە بڕوای من، ئەمانە هیچیان کێشە نین و دەرهێنەری هێژا، ڕەنگە بۆ جەختکردن لە سەر ڕۆڵی ژنان یان بە پێی هەلومەرجی گرووپەکە، ئەو گۆڕانکاریانەی ئەنجام دابێت. بەڵام ئایا پێویست نەبوو، بە پێێ ئەو گۆڕانکارییانە، شێوەی ئاماژە بەو کەسایەتیانەش بگۆڕدرایێ؟ بۆ نموونە، بۆ ئەبێ بۆ ئاماژە کردن بە شوانەکە، کە دەورگێڕەکەی ژنە، لە وشەی “پیاو” کەڵک وەربگیرێت؛ یان بۆ ئاماژە بە دەستەی کۆڕبێژان بڵێن، “ئەی پیاوەکانی تێبای”، لە کاتێکدا زۆرینەی دەورگێڕەکانی ژنن. بەرهەمێکی هونەری ئەبێ، پێش هەموو شتێک، بۆ لۆژیکی نێوخۆیی خۆی بەوەفا بێت، نەک دەقی سەرەکی یان شتی دیکە.
هۆکاری جیاوازی جۆری جلوبەرگی کەسایەتیە پیاوەکان لەگەڵ ژنەکان چیە؟ ئەگەر ئەمانهەوێ ، بە بەکارهێنانی دەستەجلی ئیمڕۆیی بۆ پیاوان، ڕەنگوبۆنێکی هاوچەرخ بدەین بە شانۆکە، هۆکاری چیە هەر ئەوە بۆ ژنان ناکرێ؟ لە شانۆیەکی ئاوەها مینیماڵ لەباری جلوبەرگەوە (هەموو جلەکان رەش و بۆرن جگە لە جلوبەرگی یۆکاستە و تیرێسیاس)، بۆ ئەبێ جلوبەرگی تیرێسیاس، کە پیرەپیاو/پیرەژنێکی کوێرە کە نهێنی تۆقێنەری غەیبی ئەزانێت، رەنگین و درەوشاوە بێت؟ تەنانەت جلوبەرگی یۆکاستەی شاژنیش، کە هەوڵ دراوە ڕازاوە و شکۆدار بێت، لە ئاکامدا بووەتە هۆی دوورکەوتنەوەی ئەو کەسایەتیە لە سەرجەمی شانۆیەکی مینیماڵ کە ئەیهەوێ رۆڵێکی بەرچاوتر و مۆدێڕنتر بۆ ژنان دابین بکات. ئەو جۆرە جلوبەرگە، هاوکات لەگەڵ گریم و شێوەی دڵڕفێنانەی دەورگیڕی بۆ یۆکاستە، ئەبێتە هۆی ئەوەی ئەو دوو کەسایەتیە وەک دوو پینەی نەچەسپاو لە سەر گشتێتی شانۆکە بمێننەوە.
لە کۆتایی باسەکەدە دیسان جەخت لە سەر ئەوە ئەکەمەوە کە تاوتوێکردنی ئەم پرسیارانە و دیسانهەڵسەنگاندنیان ئەبێتە هۆی داڕشتنەوەی باشتری پرسیارەکان و وڵامەکانیشیان؛ ئەمەش ئەرکی ڕەخنەیە بۆ یارمەتیدانی هونەر.
١ .ئەم شانۆ بۆ یەکەمجار لە هەژدەیەمین فستیڤاڵی شانۆی کوردی لە سەر سەحنە نواندرا و دواتر لە ڕێکەوتی ١٢ تا ٢٥ی ڕەشەمەی ٢٧٢٣ لە پلاتۆی ساڵۆنی ئیرشادی شاری سەقز نمایشتی گشتی کرا- بە دەرهێنەری پەرویز ئەحمەدی و وەرگێڕانی زاهید ئارمی
٢.دەستە واژەی “شانۆی کوردی” بە واتای ئەوە شانۆگەرییە بە کار هێنراوە کە لە جوغرافیایێک بە ناوی کوردستان ئەنووسرێت و بە نمایشت ئەکرێت، نەک بە واتای ئەوەی کە ئەم جوغرافیا خاوەن چەشنە شانۆیەکە کە هەندێ تایبەتمەنی جیاوازی هەیە