کۆڕی ڕێزگرتن لە مامۆستا ڕەشید خانی فەیزنژاد

✍ هەژان بابامیری
ڕۆژی ۱۰ی جۆزەردانی ٢٧٢٥ی کوردیی لە کاژێر ٥ی ئێوارەوە تا ١٢ی شەو لە باخی کاک ڕەزای خۆش پەیام، کۆڕێکی خنجیلانەی ڕێزگرتن لە مامۆستای مۆسیقای کوردیی جەنابی کاک ڕەشید فەیزنژاد بەڕێوە چوو .
لەو دانیشتنەدا کە کاک مستەفای ئاسوور پێشکەشکار و کاک سارۆ کەریمی بەڕیوەبەری گشتیی بوو، بە هێنانە سەرهێڵی جەنابی مامۆستا ڕەشید فەیزنژاد، بەڕێزان ئاغای بیباک، کاک حامید شافیعی، کاکە حەمەی ڕاهنەما، کاک عیرفان ساحیبی، کاک پەپوو سدیقی، کاک ئیحسان ئەخەوان، کاکە ئەسعەد عەبدوڵڵاهی، بەندە، بیرەوەریی و وتار و بابەتی تری وەک شیعرمان پێشکەش کرد .
گرووپی مۆسیقای کاک ماجید ئیمامی ئەردەڵان کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان کەماڵ،حامید و زاهیدی کەریمی و کاک فەرەیدوون کۆهزادی و کاک نەوید ئیسماعیلی و دەنگبێژان مامۆستا عەلی تاهیری و سمایل یاقووبی و محیەدین فەرەجی و ناسر ئیسماعیلی ناوەناوە و تا کۆتایی بەرنامە، کۆڕەکەیان ڕازاندەوە.
بە درێژیی بەرنامەکە کۆمەڵێ قسە و وتاری پڕ لە هەست و سۆز هاتە ئاراوە کە یەک دوو جار مامۆستا ڕەشید فەیزنژاد( بە تایبەت لە کاتی قسەکردنی مامۆستا عیرفان ساحیبی کە ڕاستەوخۆ لە قوتابخانە مامۆستای بووە) دڵی پڕ بوو .
پێویستە بگوترێ جەنابی کاک ڕەزای خۆش پەیامی خانەخوێ ، زەحمەتێکی زۆری کێشابوو و میواندارییێکی شایانە و شایانی کرد .
لە شەربەت و شیرینییەوە بیگرە هەتا شێوێکی خۆش و پڕتام و چێژ و میوە و چا و بەستەنی بە تێروتەسەلی دابین و ئاراستە کرا .
بە درێژایی میوانییەکە کاک ڕەزا خۆی و برا و برازاکانی بەو پەڕی گەورەییەوە بێ پشوودان خەریکی خزمەت بە میوانەکان بوون و شەوێکی پڕ لە بیرەوەریی و ئەمەگ و وەفاداریی و سەروەرییان ساز کرد .
سپاس بۆ هەموو لایێک و بە هیوای ئەوەی ئەو بەرنامانە زیاتر بن و بە سەرینیی هونەرمەندان ڕێزیان لێ بگیردرێت.
سەرچاوە| کاناڵی تێلگرامی کاک هەژان بابامیری (https://t.me/jihani_hest)