کۆڕێک بۆ موفیدەی کوردستان

ڕۆژی ڕابردوو (شەممە ۳۱ پووشپەڕ) ڕێوڕەسمی یادی خاتوو موفیدە مەزهەر، یەکێک لە نووسەران و وەرگێڕانی کوردستان و شاری سەقز، بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی، نووسەران و لایەنگرانی فەرهەنگ و ئەدەب لە شارەکانی سەقز، بۆکان، مەهاباد و بانە لە هۆڵی کتێبخانەی گشتی بەڕێوەچوو.
لەم ڕێوڕەسمەدا، فاتمە حیجازی، ساڵح سوزەنی، دوکتور خالید تەوەکولی، ئیحسان ئەخوان، ڕەسوڵ میرزاپوور، شەهباز موحسێنی، شەماڵ ئیسماعیل پوور، کەریم حەفیزی، عەلی نادری، کامیل محەمەدجانی و ئەمین گەردیگلانی وتاریان سەبارەت بە چالاکییە فەرهەنگییەکان، نووسین و خزمەتە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکانی موفیدە مەزهەر پێشکەش کرد.
بەشیکی تری بەرنامەکانی ئەم کۆبوونەوە بریتی بوون لە پێشکەشکردنی دیکلەمە لەلایەن عومەر ڕەسووڵی و ئاسۆ سولەیمان نژاد، دەف لێدان لەلایەن گروپی فەریبا بێهزاد نیا، خوێندنەوەی شیعر لەلایەن هێلین فەتحی، بەنمایش دانانی کتێبەکانی موفیدە مەزهەر و خوالێخۆشبوو شێخ نافێعی مەزهەر.
لە کۆتاییا ناوەندی ڕۆشنبیری زاگرۆس مەهاباد، ئەنجومان سینفی مامۆستایان، گرووپە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و هونەریەکانی سەقز، هونەرمەندان و نووسەران و بەڕێوەبەرانی کۆڕەکە بە پێشکەشکردنی دیاری ڕێزیان لە چالاکیەکانی خاتوو موفیدە گرت. دەستکەوتە کولتووری و کۆمەڵایەتییە بەسوودەکان گرت.
لە پەراوێزی ڕێوڕەسمەکەدا نگارکێشی سەقزی شێوەی موفیدە خانمی کێشا و هەنورمەندێکی خۆشنووسیش یەکێ لە شیعرەکانی مامۆستا شێخ نافێعی مەزهەر (شپرزە)ی نووسی.
موفیدە مەزهەر لە ساڵی ١٣٣٣ لە شاری سەقز لە دایکبووە. ناوبراو کچی شێخ نافێعی مەزهەر یەکێک لە شاعیرە ناودارەکانی کوردستانە و نزیکەی ٤ دەیە لە بواری فەرهەنگ و ئەدەبی کوردیدا بە تایبەت لە بوارەکانی دراما و منداڵاندا چالاکی هەیە.