لە گەڵ سروە؛

«وەیسەلقەرەنی» کێ بوو؟

وەیس یەکێکە لەو کەسانەی کە لە فۆلکلۆر و فەرهەنگی گەلی کورددا جێگای تایبەتی هەیە. لە گۆرانی دا زۆر جار ناوی دەبیسترێ وەکوو:
با بچینە سەر وەیس بە تۆبەکاری/ تۆبە لە گشتێ غەیری دڵداری
با بچینە سەر وەیس وەیسی خۆمانە/ بپرسین لە وەیس خەتای کاممانە

بەڵام «وەیس» کێ بوو؟ ئایا ئەو کەسەی کە ساڵانە هەزاران کەس زیارەتی دەکەن هەر “وەیسەلقەرەنی” هاوزەمانی پێغەمبەر (د_خ) بوو؟ خوالێخۆشبوو مامۆستا عومەر فارووقی لە ژمارەی ۱۴ی گۆڤاری سروە (ساڵی هەشتەم، جۆزەردانی۱۳۶۶) لە نووسراوەیەکدا هەوڵی داوە وڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە و ئێوە لە درێژەدە ئەم بابەتە بخوێننەوە.

وەیسەلقەرەنی

✍️عومەر فارووقی

ئایا ئەم وەیسەی کە بەردرێژایی ساڵ هەزاران کەس لە خەڵکی کوردستان دەچنە زیارەتی، وەیسەلقەرەنی ڕێ رەوی پێغەمبەری خوا (د_خ) و خۆشەویستی ئەو زاتەیە؟

لەنێو خەڵکی کوردستانا بڕێک بیر و باوەڕ هەن کە جێگای باس و لێکۆڵینەوەن. لە کوردستان مەرقەدی دەیان پێغەمبەر و ئەسحابە و پیاو چاک و شێخ هەیە کە زیارەتگای خەڵکی موسڵمانی کوردن. بۆ وێنە مەرقەدی دوو کەس لەو پیاوچاکانە لە قورئانی پیرۆزدا ناویان هەیە کە لە کوردستانی عێراقن یەکیان حەزرەتی “زەکەریا”یە (د_خ) و ئەوی دیکە حەزرەتی یوونس (د_خ). جیا لەوە چەندین ئیمام زادەی وەکوو کۆسەی هەجیج (ئیمام زادە عەبدوڵڵا برای ئیمام رەزا) ئیمام زادە پیر عومەری سنە و … هەن کە هەموویان زیارەتگای خەڵکن و رۆژ تا ئێوارێ پۆل پۆل بە نەزەر و نیازەوە دەچن بۆ زیارەتی ئەو پیاو چاکانە.

بەکێک لەو پیاوە گەورانەی ئیسلام کە مەرقەدی لە کوردستانی ئێرانە حەزرەتی وەیسە کە ساڵێ نەک دەیان هەزار کەس ژن و پیاو و پیر و لاو زیارەتی دەکەن بەڵکوو لە فۆڵکلۆر و فەرهەنگی گەلی کورددا جێگای تایبەتی هەیە. لە گۆرانی دا زۆر جار ناوی دەبیسترێ وەکوو:
با بچینە سەر وەیس بە تۆبەکاری
تۆبە لە گشتێ غەیری دڵداری
با بچینە سەر وەیس وەیسی خۆمانە
بپرسین لە وەیس خەتای کاممانە
با بچینە سەر وەیس بلاڵینەوە
خەرمانێ لە گوڵ بماڵینەوە

«وەیس» کێ بوو؟

حەزرەتی وەیسەلقەرەنی لە پیاو چاکانی سەرەتای ئیسلام و هاوزەمانی پێغەمبەر (د_خ) بووە. سەبارەت بەوە کە موسڵمان بووە کەس هیچی نەگوتووە بەڵام شێخ فەریدەدینی عەتار نیشابووری لە کتێبی گەورەی خۆی بە ناوی (تذکره‌الاولیا)دا نووسیه که حەزرەتی محەممەد (د_خ) جار جار رووی دە ناوچەی قەرەن دەکرد و دەیفەرموو بۆنی خۆشەویسم بۆ دێ. وەک نووسراوە حەزرەتی وەیس وشترەوان بووە و زۆرتر خەریکی زیکر و تاعەتی خوا بووە هەر بە وشترەوانی نانی بۆ دایکە پیرەکەی پەیدا کردووە و ئاواتی گەورەی زیارەتی پێغەمبەر (د_خ) بووە بەڵام چۆن دایکی تەنیا بووە بە ئاواتی خۆی نەگەیشتووە. ئەوە ئەرک و قەدری دایک لە ئیسلام دا، دەردەخا، رەزای دایک و باب لە تاعەت باشتر دەنوێنێ.

بە پێی نووسراوەی عەتار و گێرانەوەی دەماودەم، جارێک وەیس بۆ زیارەتی پێغەمبەر (د_خ) دەچێتە مەدینە بەڵام حەزرەت (د_خ) لە ماڵ دەبێ. وەیس بەرەوماڵ وەرێ دەکەوێ پێغەمبەر (د_خ) بە رێگایەکی دیکەدا دەچێتە مزگەوت، کاتێک وەیس بە خزمەت ئایشە دەگا و خەبەری چوونە مزگەوتی حەزرەت (د_خ) دەبیسێ داوای ئاو دەکا ئایشە لە گڵێنەدا ئاوی بۆ دێنێ چەند قوم دەخواتەوە. چون دایکی تەنیا بوو وشترەکانی بێ خاوەن لە مەزرا مابوونەوە مەدینەی بەجێ هێشت. حەزرەتی محەممەد (د_خ) کە دەڵانێ دێتەوە ماڵی حەزرەتی ئایشە چۆنەتی هاتنەکەی بۆ دەگێرێتەوە پێغەمبەر (د_خ) دەفەرموێ گڵێنەکەم بۆ بێنە تا دەم بەجێ زاریەوە بنێم و… بەڵێ وەیس پیاوێکی ئاوا بوو حەزرەت (د_خ) پێش ئەوەی ئەو زاتە ببینێ زۆری خۆش دەویست بە چەشنێک کە وەسیەتی فەرموو پاش مردنی عەباکەی بدەن بە وەیس. عەتار دەنووسێ: پاش وەفاتی حەزرەتی محەممەد (د_خ) دووکەس لە نزیکانی واتە حەزرەتی عەلی (د_خ) و حەزرەتی عومەر (د_خ) عەباکەیان لە سەر وەسیەتی پێغەمبەر بۆ وەیس برد، جا چون وەیس پێغەمبەری نەدیوە بە ئەسحابە ناناسرێ بەڵام چون خەلیفەی دیوە بە ڕێ رەوی ئیسلام ناودارە.

«مەرقەدی وەیس»

ئەو جێگایەی بە مەرقەدی حەزرەتی وەیس ناوی دەرکردووە کەوتۆتە بەینی ماهیدەشت و رەوانیەر و کرماشان لە بەینی کامیاران و کرماشان لە سەر کێوێکی بڵیند گومبەزەکەی دیارە، لە شێوەی گومبەزەکە وا دەردەکەوێ کە لە دەورەی حکومەتی سەلجووقیەکان دا دروست کراوە. جا روون نیە بەر لەوان شێوەی مەزارکە چۆن بووە بەڵام هەر لە سەرەتاوە کە تەرمی حەزرەتی وەیس لەوێ نێژراوە و دەور و بەری کراوە بە قەبرستان. ئێستا خەڵک لە هەموو شارە کوردنشینەکانەوە بۆ زیارەت رووی تێدەکەن بە تایبەتی بەهار و پاییز و هاوینان دەروێشەکانی کامیاران و ۆەورامانیش کۆری زکر و تەلیلە لە دەوری مەرقەدەکەی دەگرن. چەند ساڵ پێش دەوڵەت بۆ ئاسوودەیی ئەو کەسانەس دەچن بۆ زیارەت رێگایەکی ماشین رەوی لێدا بەڵام کێوەکە هێندە بەرزە لە کاتی سەرکەوتن دا خەڵک دەترسێن.

ئایا ئەمە وەیسی قەرەنە؟

تا ئێستا سەبارەت بە وەیس زۆر باس کراوە. هێندێک پێیان وایە ئەو حەزرەتی وەیسەلقەرەنەی کە باسمان کرد ئەو نییە چون ئەو لە حیجاز لە نزیک مەدینە بووە و ئەدی چۆنە گەیشتۆتە ئێرە؟بەڵام بە بروای من ئەم مەزارە گڵکۆی حەزرەتی وەیسە ئەویش بەو دەلیلە کە:
سەبارەت بە وەفتی فەریدەدین عەتاری نیشابووری دەنووسێ وەیس لە بەرەبەرەی کۆتایی ژیان هاورێی حەزرەتی عەلی (د_خ) بووە تا لە شەڕی (سەفین)دا شەۆید کراوە و تەرمی لە شنزارەکانی یەمەن نێژراوە، گۆڕەکەی لیم و زیخی بە سەر کشاوە و بە چەشنێک کە دیار نیە جێگای سەرسوڕمانە چۆن شەرێ (سەفین) لەنێوان حەزرەتی عەلی (د_خ) و معاویەدا لە خاکی عێراق کراوە، چۆن لەو کاتەدا تەرمیان بردووە بۆ یەمەن؟ بە بڕوای من چون وەیس خۆشەویستی پێغەمبەر (د_خ) و حەزرەتی عەلی (د_خ) بووە هێناویانەتەوە ماهیدەشت و ئەویش نزیکترە لە یەمەن. خۆ ئەو زەمان فڕۆکە و ماشین نەبووە جا لەبەر ئەوە مردوویان لە نزیکترین جێگا ناشتووە دەبێ خەڵک متمانە بکەن کە بۆ زیارەتی وەیس زەحمەت بە خەسار نین و ئەو وەیسەی ئێمە دەڵێین خۆیەتی.

*سەرچاوە: گۆڤاری فەرهەنگی، ئەدەبی سروە، ساڵی سێهەم، خەرمانانی ۱۳۶۶، ژمارەی ۱۴، لاپەڕەکانی ۳۰ و ۳۱.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا