ساڵڕۆژی ژینۆسایدی کوردانی ئێزدی

ئەمڕۆ، سێی ئاب، یازدەهەمین ساڵیادی ژینۆسایدی کوردانی ئێزدییە؛ تاوانێکی دژە مرۆڤایەتی کە لە ساڵی ٢٠١٤دا لەلایەن چەکدارانی د.ا.ع.ش لە شەنگال ئەنجامدرا. ئەم ڕۆژە لە مێژووی نوێی کوردستاندا وەک یەکێک لە تاریکترین و دڵتەزێنترین ڕۆژەکان تۆمار بووە، چونکە هەزاران هاووڵاتی بێتاوان تەنها بەهۆی ناسنامەی نەتەوەیی و باوەڕی ئاینییان بوونە ئامانجی کوشتن، ڕفاندن و سەرکوتکردن.

ئێزدییەکان یەکێک لە کۆنترین کۆمەڵگا دینییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن و زۆربەیان کورد زمانن. شوێنی سەرەکی ژیانیان شەنگال، دهۆک و لالشە. لالش پیرۆزترین شوێنی ئاینی ئێزدییەکانە و هەموو ساڵێک هەزاران کەس بۆ جێبەجێکردنی ڕێوڕەسمە ئاینییەکانیان سەردانی دەکەن. لە ئاینی ئێزدی، “مەلەک تاوس” پێگەیەکی تایبەتی هەیە و وەک یەکێک لە فریشتە هەرە گەورەکان ناسراوە. بەڵام لە درێژایی مێژوودا، تێگەیشتنی هەڵە لەسەر باوەڕی ئێزدییەکان بووەتە هۆی ئەوەی چەندین جار بکەونە بەر هێرش و ستەم.

لە بەیانی سێی ئابی ٢٠١٤، چەکدارانی د.ا.ع.ش هێرشیان کردە سەر شەنگال. هەزاران پیاو و گەنجیان کوشت، ژن و کچانیان ڕفاند و وەک کۆیلە لە بازاڕەکانی داعش فرۆشتن. هەروەها سەدان منداڵ لە خێزانەکانیان جیابوونەوە و ژمارەیەکی زۆریان ناچار کران بیرۆکەی توندڕەوانەی داعش وەربگرن. لە هەمان کاتدا، دەیان هەزار کەس بۆ ڕزگاربوون بەرەو چیای شەنگال هەڵهاتن و چەندین ڕۆژ لە ژێر گەمارۆ، بێ ئاو و خواردن و چارەسەری پزیشکی مایەنەوە.

ئەم تاوانە جیهانی هەژاند و دواتر لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و ژمارەیەک وڵات و پەرلەمان بە ژینۆساید ناسێنرا. هێشتا دوای تێپەڕبوونی یازدە ساڵ، چارەنووسی ژمارەیەک لە ژن و منداڵە ڕفێندراوەکان دیار نییە، هەروەها گۆڕە بەکۆمەڵەکان یەک لە دوای یەک لە شەنگال دەدۆزرێنەوە.

لە نێوان کەسایەتییە ناسراوەکانی ئێزدییەکان، نادیا موراد ناوێکی جیهانییە. ئەو کە لە دەستی داعش ڕزگاری بوو، دەنگی هەزاران ژنی ئێزدی بوو و بۆ بەرگری لە مافی مرۆڤ و ئاشکراکردنی تاوانەکانی داعش، لە ساڵی ٢٠١٨ خەڵاتی ئاشتی نۆبڵی وەرگرت. هەروەها بابا شێخ و ئامیر حازم تەحسین بەگ لە کەسایەتییە هەرە گرنگەکانی کۆمەڵگای ئێزدین کە ڕۆڵێکی بەرچاویان لە پاراستنی ناسنامە و یەکڕیزی ئێزدییەکان هەبووە.

پەرلەمانی هەرێمی کوردستان سێی ئاب وەک ڕۆژی ژینۆسایدی کوردانی ئێزدی ناساندووە. ئەم ڕۆژە تەنها بۆ بیرکردنەوەی قوربانییان نییە، بەڵکو بانگەوازێکە بۆ دادپەروەری، پاراستنی مافی مرۆڤ و ڕێگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانانە لە هەر شوێنێکی جیهان.

مطالب مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا