سەقز لە ڕوانگەی شاعیراندا؛ دیارییەکی ئەدەبی لە موستەفا ئاسوور بۆ شارەکەی

ئاهەنگی ناساندنی کتێبی «سەقز لە ڕوانگەی شاعیراندا»، کە بە کۆکردنەوە و توێژینەوەی موستەفا ئاسوور (هونەر) ئامادە کراوە، ئێوارەی پێنجشەممە ١٥ی گەلاوێژ، لەگەڵ ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە دۆستان و خولیاوانی کتێب، ئەدەب و فەرهەنگ، بەڕێوە چوو.
ئامادەبوونی بەرفراوانی خەڵک لەم ئاهەنگەدا، تەنها ڕەنگدانەوەی نرخ و بایەخی ئەدەبی ئەم بەرهەمە نەبوو، بەڵکو وێنەیەک بوو لە پێگەی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی نووسەرەکەی؛ کەسایەتییەک کە ساڵانێکە لە بوارە جیاوازەکان وەک خۆشنووسی، پێشکەشکاری، خزمەتگوزاریی خۆبەخشانە لە مانگی سوور، کاری خێرخوازانە و چالاکییە فەرهەنگییەکاندا، ڕۆڵێکی کاریگەر و بەردەوامی هەبووە و لە نێوان خەڵکی سەقز بە خۆشەویستی و ڕێزلێنان ناسراوە.
لە ئاهەنگەکەدا، شەهباز موحسینی و ئەحمەد ئەحمەدیان، بە ئاماژەدان بە مێژووی فەرهەنگی سەقز، لە پێگەی بەرزی ئەم شارە لە پەروەردەکردنی بیرمەند و هونەرمەند و هەروەها نوێگەرییەکانیان لە بوارەکانی ئەدەب، شانۆ، خۆشنووسی، وەرگێڕان، ڕۆژنامەوانی و زمانەوانیدا قسەیان کرد. هەروەها، پەری کریمی، شاعیر و ویراستاری کتێب، ئەم بەرهەمەی بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ ناساندنی فەرهەنگ، میراتی مێژوویی و پاراستنی زمان ناساند و جەختی لەسەر پێویستی ناساندنی زیاترەوەی کەسایەتییە کاریگەرەکانی ناوچەکە کرد.
بەشێکی دیکەی ئاهەنگەکە بە خوێندنەوەی هۆنەرانەی شیعر لەلایەن مامۆستایان کەریم دافێعی، سەعید نەجاری (ئاسۆ) و خالید فەتاحی، کە شیعرێکی محەممەد فاتح محەممەدی (نامۆ)ی خوێندەوە، ڕازایەوە و لە کۆتاییدا، بە دەستی هاوژینی کاک مستەفا ئاسوور، پەردە لەسەر ئەو بەرهەمە هەڵدرا.
ئەم کتێبە لە ۴۷۵ لاپەڕە و لەلایەن چاپەمەنی هەژان لە چاپ دراوە و پێشەکییەکی ۹۲ لاپەڕەیی لەلایە دکتور ئەحمەد ئەحمەدیانەوە لەسەر نووسراوە.



