بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی ئیلام دەکرێتەوە

بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی ئیلام کرایەوە و بڕیارە لە ساڵی خوێندنی نوێوە خوێندکار وەربگرێت؛ هەنگاوێک کە لەلایەن چالاکانی بواری زمان و ئەدەبی کوردی، بە تایبەتی لە ئیلام، بە گەرمی پێشوازی لێکراوە.
بەپێی ناوەڕۆکی پەرتووکچەی گروپی زانستە مرۆییەکان، بەشی زمان و ئەدەبی کوردی بۆ زانکۆی ئیلام زیاد کراوە و ئەم زانکۆیە لە ساڵی خوێندنی نوێوە دەست بە وەرگرتنی خوێندکار لەم بەشە دەکات.

کردنەوەی ئەم بەشە لە زانکۆی ئیلام هەنگاوێکی گرنگە بۆ پەرەپێدانی خوێندنی ئەکادیمی، توێژینەوە و گرنگیدان بە زمان و ئەدەبی کوردی. پێشتر لە زانکۆی کوردستانیش بەشی زمان و ئەدەبی کوردی دامەزرابوو.
چالاکانی بواری زمان و ئەدەبی کوردی لە ئیلام بە پێشوازیکردن لەم هەنگاوە، هیوادارن کردنەوەی ئەم بەشە بتوانێت لە بەهێزکردن، پەرەپێدان و پاراستنی زمانی کوردی و هەروەها پەروەردەکردنی کادری پسپۆڕ لەم بوارەدا کاریگەرییەکی تایبەتی ببێت.



