شان بە شان لە شانۆی ژیان

هونەر کاتێک لە ناو بنەماڵەیەک هەڵقوڵێ، ڕەنگ و تامێکی جیاوازی هەیە. ئەمڕۆ لەگەڵ ژن و مێردێک قسە ئەکەین کە نەک تەنها لە ژیانی ڕاستەقینە هاوبەشن، بەڵکو لە ژیانی کاریی خۆشیان هاوبەشن و خەریکن پێکەوە شانۆی ژیان بەڕێوە ئەبەن.
خاتوو شەهربانوو هادی و کاک پەرویز ئەحمەدی، ژن و مێردێکی هونەرمەند، چەند ساڵێکە لە دونیای شانۆ و بە تایبەت شانۆی منداڵاندا چالاکن و لە شاری سەقز کە هەمیشە فەرهەنگ و هونەر زیندووە، بە دڵ و گیان کاری شانۆ گەری ئەکەن و بە نمایشەکانیان چیرۆکی نوێ پێشکەش بە دڵی بینەران دەکەن.
کاری ئەوان تەنها شانۆ و نمایش کردن نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ بنیاتنانی خەون و هیوا و دڵخۆشی بۆ نەوەی داهاتوو و بۆیە دەستیان داوەتە نوێگەری و بە دامەرزاندنی فێرگەی «شانۆی هێما» ویستوویانە هەنگاوێکی پتەوتر بۆ ڕێبوارانی ئەم ڕێگە هەڵبگرن.
دیارە کار لەم بوارەیا تاڵی و شیرینی خۆی هەیە، بۆیە هاتوینەتە خزمەت ئەم دوو هونەرمەندە تا گوێ بیستی چیرۆکی شانۆی ژیانیان بین کە چۆن شان بە شانی یەکتر ئەیبەنە بەرۆ.
پەرویز ئەحمەدی لە دایکبووی ساڵی ۱۳۶۳یە و بڕوانامەی ماستەر (فوقلیسانس)ی لە بواری دەرهێنان (کارگردان) لە زانکۆی تاران وەرگرتووە. شەهربانو هادیش هەر هاوتەمەنی پەرویزە و خاوەنی بڕوانامەی لیسانسە لە دەروونناسی. کوڕە شەش ساڵانەکەیان ناوی هۆمانە و لەوانەیە مەیلی بەرەو مۆسیقا بچێت.