فڕێدانی هەزاران بەرگ کتێبی نایاب

لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا بڵاو بوونەوەی وێنەی هەزاران بەرگ کتێبی فڕێدراو کە بەشێکی زۆری کتێبی کوردی نایاب و نوسخەی کۆنن، کاردانەوەی بەرفراوانی هاوڵاتیانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لێکەوتەوە. سەرەتا باس لەوەکرا کە ئەم کتێبانە هی کتێبفرۆشی موحەممەدیە لە سەقز، بەڵام بەرپرسی بڵاوگەکە ئەم شتە رەتئەکاتەوە.
لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا، بڵاو بوونەوەی وێنەی هەزاران بەرگ کتێب فرێدراو کە بەشێکی زۆریان کتێبی نایاب و نوسخەی کۆن و دەگمەنی کوردین کاردانەوەی بەرفراوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بووە.
بەشێ لە سەرچاوەکان وا باس دەکەن کە کتێبەکان هی کتێبفرۆشی محەمەدیە کە یەکێک بوو لە کۆنترین کتێبفرۆشی و بڵاوگەکانی سەقز و ناوچەکانی دەورووبەر. بەڵام ئاوات محەمەدی بەرپرسی بڵاوگەکە بۆ واکاووی باس کرد کە ئەو کتێبانە هی ئەوێ نییە و بنەماڵەی ئەوان کە زیاتر لە پەنج دەیە خزمەتیان بە کتیب کردە دەس بۆ کاری وا نابەن.
جێگای ئاماژەیە وەک پێگەی هاواڵی واکاوی زیاتر لە دوو ساڵ لەمەوبەر کە دەنگۆی داخستنی کتێبفرۆشی محەممەدیمان بیست، بەدواداچوونمان بۆ کرد. لەو کاتەدا، بەڕێوەبەرایەتی بڵاگەکە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی داخستنی ئەو شوینە ئەگەری کردنەوەی کتێبفرۆشییەکەیان لە نهۆمی سەرەوەی ئەو جێگا ڕاگەیاند و ئەمڕۆیش جەختی لەسەر ئەو شتە کردەوە.
لەو کاتەدا و ئێستایش بە بەپێویستی ئەزانین کە هاوڵاتیان و تەنانەت بەرپرسانیش ئەبێ هەنگاو بنێن بۆ پێشگرتن لە داخستنی ئەم شوێنە کە بەشێکە لە مێژووی کتێب و کولتوری شارەکەمان.




