ئەمڕۆ لە مێژوودا؛
ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مامۆستا پیرەمێرد

لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٥٠ی زایینی حاجی تۆفیق بەگ ناسراو بە «پیرەمێرد»، شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەوانی ناوداری کورد کۆچی دوایی کرد.
ناوی تۆفیق کوڕی مەحموود ئاغا کوڕی ھەمزاغای مەسرەفە. لە ساڵی ١٨٦٧ لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لە دایکبووە. لە منداڵیدا لە مزگەوتەکەی باپیری دەرسی عەرەبی دەخوێنێت و پاشان ڕوو دەکاتە مزگەوتەکانی شاری بانە.
کە لە بانەوە گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی، لە ماوەئ چەند ساڵ کاتب نفووسی سلێمانی، نووسەری ئەملاکی ھەڵەبجە، سەرنووسەری دادگای شارباژێڕ و هەندێ کاری دیکە لە ئەستۆ دەگرێ.
لەساڵی ١٨٩٨ لە گەڵ شێخ سەعید و شێخ مستەفای نەقیب ڕوو دەکاتە تورکیا و لە ١٨٩٩ دا دەبێت بە ئەندامی ئەنجومەنی بەرزی ئەستەمبوڵ و پاشان لە کۆلیژی یاسا بڕوانامەی یاساناسی وەردەگریت و لە ١٩٠٥ تا ١٩٠٨ لە ئەستەمبوڵ بە کاری پارێزەری و گۆڤار و ڕۆژنامەوانییەوە خەریک دەبێت. لە ساڵانی ١٩٠٩ تا ١٩٢٣ قائیمقامی چۆڵەمێرگ، قەرەمورسل، بالاوا، بیت الشباب و… پارێزگاری (موتەسەڕیف) شاری ئەماسیە لە تورکیا دەبێت.
لەساڵی ١٩٢٣ پیرەمێرد، لەڕێگەی سوریاوە بە شاری حەلەب دا دێتەوە بۆ بەغدا و لەوێوە دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان و تا دواھەناسەی ژیانی بە ڕۆژنامە و نووسینەوە خەریک بووە. لە ڕۆژنامەکانی سەردەم؛ “ڕەسملی کاتب”، “کورد تەعاون و ترقی غزەتەسی”، “مسەوڕ موحیت (مصور محیط)”، “گۆڤاری ژین”، “ڕۆژنامەی شەمس” و “ڕۆژنامەی ژین” یان خاوەن ئیمتیاز بووە یان شیعر و نووسین و وەرگێڕانی بووە.
جگە لە جێدەستی لە ڕۆژنامەگەریدا، پیرەمێرد خاوەنی دیوانێکی شیعرییە، کە چەندین جۆر و بواری شیعری کۆمەڵایەتی، فەلسەفە، ڕامیاری و ھتد تیا بەدی دەکرێت و بەرھەمەکانی بەناوی «حاجی تۆفیق بەگ» ەوە بڵاودەبوەوە.
پیرمێرد خاوەنی چەند کتێبێکە، لەو کتێبە چاپکراوانەش:
دیوانی مەولەوی (ئەسڵ و ڕۆح)، چیرۆکی مەم و زین، دوانزە سوارەی مەریوان، کتێبی پەندی پێشینان، چیرۆکی محمود ئاغای شێوەکەل، ١٩٤٢، گاڵتەوگەپ، دیوانی مەولانا خالیدی نەقشبەندی، ڕۆمانی کەمانجەژەن، پەندەکانی پیرەمێرد و…
دەرەنجام لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٥٠ دا، بەرانبەر بە ٤ی ڕەمەزانی ١٣٦٩ی کۆچی، لە شاری سلێمانی لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا بەھۆی نەخۆشیی شەکرە و نەخۆشیی گورچیلەوە کۆچی دواییکردوە. لەسەر خواستی خۆی لە گردی مامەیارە، ئەوەی جاران مەڵبەندی ئاھەنگ گێڕانی جەژنی نەورۆزی بوو، بەرامبەر بە ئەرخەوانەکانی گردی سەیوان بووە، لەوێدا نێژراوە.
*سەرچاوەکان:
مێژووی ئەدەبی کوردی/مارف خەزنەدار
پیرەمێرد و پێداچوونەوەیەکی ژیان و بەرھەمەکانی/ ئومێد ئاشنا،