ڕووداوێکی هاتووچۆ لە ڕێگای سەقز ـ دیواندەرە سێ قوربانیی لێکەوتەوە

سێ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەیەکی خەڵکی سەقز لە ئەنجامی ڕووداوێکی هاتووچۆ لە ڕێگای سەقز ـ دیواندەرە گیانیان لەدەستدا.
بەپێی زانیارییەکان، شەوی ڕابردوو ئۆتۆمبێلێکی پژۆ ٤٠٥ لە دووێیانی تیکاب و پێکدادانی بە ماشینێکی گەورە لەجۆری ترەیلی، ئەم ڕووداوە دڵتەزێنەی لێ کەوتەوەە و لە ئەنجامدا هەر سێ سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە لە شوێنی ڕووداوەکە گیانیان لەدەستدا.
گوتراوە توندی پێکدادانەکە بە ڕادەیەک بووە کە ئۆتۆمبێلی پژۆ ٤٠٥ بە تەواوی تێکشکاوە و دیمەنێکی دڵتەزێن و کارەساتبار لە شوێنی ڕووداوەکە جێهێشتووە.
بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوەی بڵاوکراوەتەوە، هەرسێ قوربانییەکە ئەندامانی یەک خێزان و خەڵکی شاری سەقز بوون.




